په‌رله‌مانتارێكى عێراق: داعش له‌ دياله‌يه‌

هێشتا داعش مه‌ترسييه‌كه‌ى جدييه‌ له‌سه‌ر پارێزگاى دياله‌

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ سنوورى پارێزگاى دياله‌، ره‌عد ئه‌ڵماس، رايگه‌ياند، "هێشتا داعش مه‌ترسييه‌كه‌ى جدييه‌ له‌سه‌ر پارێزگاى دياله‌ و مه‌ترسييه‌كانى له‌ناو نه‌چوون".

ئه‌و نوێنه‌ره‌ى پارێزگاكه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵى (RT) رووسى، رايگه‌ياند، "به‌ شێوه‌يه‌كى نيمچه‌ رۆژانه‌، چه‌كدارانى داعش كرده‌وه‌ى تيرۆريستى له‌ هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و هاووڵاتيان ئه‌نجامده‌ده‌ن و ته‌نانه‌ت به‌ تۆپى هاوون، ناو به‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كانى دانيشتوان تۆپباران ده‌كه‌ن".

گوتيشى: "دوێنێ سێشه‌ممه‌ 3ى نيسان/ ئه‌پريلى 2018، داعش گونده‌كانى سنوورى به‌رزاييه‌كانى حه‌مرينى به‌ هاوون تۆپباران كردووه‌ و چالاكانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌وتووه‌ته‌ جموجۆڵ".

روونيشيكرده‌وه‌، "به‌ گوێره‌ى زانيارييه‌ هه‌واڵگرييه‌كان، چه‌كدارانى داعش له‌ ناوچه‌كانى سنوورى حه‌مرين و كێڵگه‌ كشتوكاڵييه‌كانى ده‌وروبه‌رى پارێزگاكه‌ بوونيان هه‌يه‌ و ئه‌مه‌ش پێويستيى ده‌كات هێزه‌ ئه‌منييه‌كان رووبه‌ڕوويان ببنه‌وه‌ بۆ كۆتايهێنان به‌و مه‌ترسيانه‌".

سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر له‌ عه‌بادى له‌ كۆتايى مانگى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسێمبه‌رى 2017دا رايگه‌ياند، داعش له‌ عێراق كۆتايى پێهات و عێراق به‌ سه‌ركه‌وتوويى شه‌ڕى داعشى تێپه‌ڕاند.

ئ.ر