شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: پارتی به‌بێ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ناگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركووك

جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق: به‌بێ رێككه‌وتنێكی كونكریتی پارتی باره‌گاكانی له‌ كه‌ركووك ناكاته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژ، به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، هیچ هێزێكی پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ركووك و پارتی دیموكراتی كوردستانیش به‌بێ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ناگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركووك.

جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق گووتیشی، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بێ رێككه‌وتنێكی كۆنكریتی ناگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركووك و باره‌گای خۆی له‌و شاره‌ بكاته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌مڕۆ چەند میدیایەکی عێراقی بڵاویانکردەوە، هێزێکی پێشمەرگە کە سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانه‌، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا گەراوەتەوە کەرکووک. به‌ڵام دواتر، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24، جەمال ئیمینکی، سوپا سالاری پێشمەرگە ره‌تیكرده‌وه‌، هیچ هێزێکی پێشمه‌رگه‌ گەڕابێتەوە کەرکوک و دووپاتیكرده‌وه‌، هەر رێککەوتنێکی لابەلا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پیشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم رەتدەکەینەوە، كه‌ ئیمزای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی له‌سه‌ر نه‌بێت.

ماوەیەکە باس لە گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمریکا و به‌ریتانیا هەوڵەکانیان چرکردووتەوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

H.B