مه‌شعان جبوورى: له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرينه‌دا پارتى ژماره‌يه‌كى قورس ده‌بێت

حكومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسی به‌شی ئه‌ولایه‌نه‌ ده‌بێت، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شێكی ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا

K24 – هه‌ولێر:

مه‌شعان جبووری، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و سكرتێری پارتی نیشتمانی عێراقی له ‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ پرسه‌ی دلۆڤان ئیدریس بارزانی له ‌لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ كوردستان24، رایگه‌یاند، كه‌ حكومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسی به‌شی ئه‌ولایه‌نه‌ ده‌بێت، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شێكی ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا و پارتی ژماره‌ قورسه‌كه‌ ده‌بێت. 

مه‌شعان جبوورى گوتيشى: "ئێمه‌ هه‌میشه‌ خۆمان به‌ نزیك له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌بینینن، پرسه‌ی ئه‌وان پرسه‌ی ئێمه‌شه‌، هه‌ر زیانێك بۆ ئه‌و خێزانه‌ بۆ ئێمه‌شه‌ و هه‌ست ده‌كه‌ین به‌شێكین له‌وان. من و براكانم له مه‌كته‌بی سیاسی‌ حزبی نیشتمان،  كوڕه‌كه‌م یه‌زن لێره‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌خۆشی خۆمان له‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و سه‌رۆك وه‌زیران نێچیرڤان بارزانی بكه‌ین و ته‌واوی ماڵباتى بارزانی. ئیدی ئه‌مه‌ ژیانه‌، هه‌موومان ده‌مرین، به‌ڵام بۆنه‌یه‌كه‌، بۆ به‌هێز كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان، من سه‌ره‌خۆشی خۆم له‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌كه‌ن، كه‌ ته‌وقه‌م له‌گه‌ڵ نه‌كردن یانیش به‌رچاوم نه‌كه‌وتن و هه‌روه‌ها ته‌واوی گه‌لی كوردستان، په‌نا به‌خوا دوا خه‌متانه‌. پێمان وایه‌ دۆخه‌كه‌ ئێستا باشتره‌، هه‌مووان هه‌ستیان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ دابڕان، ئازار به‌خشه"‌.

هه‌روه‌ها گوتى: "من پێم وایه‌، وه‌ك ئه‌نجامی خۆم، كه‌ حكومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسی به‌شی ئه‌ولایه‌نه‌ ده‌بێت، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شێكی ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا. راشكاوانه‌، دیدگای و خوێندنه‌وه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر حكومه‌تی هاوپه‌یمانی فه‌تح پێكی بهێنێت، چاوی له‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هاوبه‌شی بێت له‌گه‌ڵیدا. پێشم وایه‌ كه‌ ئیراده‌ی سیاسی له‌ وڵات به‌ره‌و حكومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسی ده‌ڕوات و له‌م رووه‌شه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌م نێوه‌نده‌دا ژماره‌ قورسه‌كه‌ ده‌بێت. زۆرینه‌ی سیاسی واته‌ به‌شێكی كورد و به‌شێكی عه‌ره‌بی سوننه‌ و به‌شێكی عه‌ره‌بی شیعه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ حكومه‌ت پێكده‌هێنن، ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش ده‌بن به‌ ئۆپۆزسیۆن".