چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ستپێده‌كات

بۆچی كاندیدان له‌ كاتی بانگه‌شه‌ به‌ڵێنی گه‌وره‌ به‌ ده‌نگده‌ران ده‌ده‌ن؟

K24 - كه‌ركووك:

چەند ڕۆژێکی دیکە بڕیارە بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەست پێی بکات، لە ئێستاوە ھەندێک لە لایەنە سیاسییەکان دەڵێن؛ لەم ھەڵبژاردنە کورد ڕێژەی کورسیەکانی کەم دەکات، بەڵام بەشێکی دیکە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە پێیان وایە پێشبینیەکان بەو شێوەیە نین.

چەند ڕۆژێکە چاپخانەکان بازاڕیان گەرم بووە، ئەمەش بەبۆنەی نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، لێرە ھەریەکەو خەریکی کارێکن، پۆستەر لەدوای پۆستەر لەم ئامێرەوە دەردەچێت و ئامادەدەکرێت بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان.

قه‌واره‌ سیاسییه‌كان کێبڕکێ لەسەر بەدەست ھێنانی زۆرترین کورسيیەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن، ھەر بۆیە بەڵێنی جۆراوجۆر بەخەڵکی دەدەن.

کورد بۆ ئەمجارە ترسی کەمبوونەوەی دەنگەکانی ھەیە بەتایبەت لەناوچە كوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەڵام بەرپرسە سیاسییەکان بەگەشبینيەوە دەڕواننە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و پێیانوایە کە ئەنجامەکە بەدڵی ئەوان دەبێت.

بڕیارە لە12ی مانگی پێنج لە سەرتاسەری عێراق ھەڵبژاردن بۆ خوولێکی نوێى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، لەم ھەڵبژاردنە ھێزە سیاسیيەکان لە ھەرێمی کوردستان ھەر یەکە و بەلیستێک بەشداری بکەن.