هۆكاری قوربانییانی كێشهی زهوی و زار جیبهجێنهكردنی ئهم یاسایهیه
لە ماوەی کەمتر لە 40 رۆژدا 7 هاووڵاتی بەهۆی کێشەی زەوییەوە کوژراون
K24 - ههولێر:
بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاسای ژمارە یەکی تایبەت بە زەویيە کشتوکاڵیيەکان, رۆژانە چەندین کەس دەبنە قوربانی، لە ساڵی 2014 یاساکە پەسەندکراوە, تا ئێستا 8 گوند لە کوردستان زەويیەکان خاوەنداريیەتیان یەکلایی کراوەتەوە.
رۆژانە لێرەو لەوێ گوێبیست دەبین لەسەر كێشهی زەوی کشتوکاڵی چەند کەسێک لە نێو بنەماڵەیهک دەکوژرێن, ئەم رووداوانهش ساڵانە چەند بارە دەبنەوە، هۆکاری لاوەکی زۆرن، بەڵام هۆكاری سەرەکیيەکەیان یەکلایینەکردنەوەی خاوەنداریەتی زەوییەکانە لە نێو بنەماڵەکاندا.
ههرچهنده زۆر جار کێشهكان بە سوڵحی عەشایری چارەسەر کراون، بەڵام دوای ماوهیهك شهڕو ناكۆكی سەریان هەڵداوەتەوە.
پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارەی یەکی ساڵی 2014 بۆ ئەم مەبەستە پەسەند کردووە، بەڵام وەک پێوست جێبەجێنەکراوە، لە ماوەی 4 ساڵدا حکوومەت تەنیا موڵکداری 8 گوندی یەکلایی کردووەتەوە و پەرلەمانیش داوای جێبەجێکردنی یاساکە دەکات.
لە ماوەی کەمتر لە 40 رۆژدا 7 هاووڵاتی لە دوو رووداودا لە هەولێر و دهۆک بەهۆی کێشەی زەوییەوە کوژراون، هۆکاری سەرەکی کێشەکانیش یەکلایی نەکردنەوەی خاوەنداریەتی زەوییەکانە به رێگهی یاسایی ، رووداوەکانی کوشتنی ئەم حاڵەتانە یەک کەس و دووان نییە زۆر جار گیانی ژن و منداڵانیش له شهڕهكان بهدهر نابن و چهند كهسێك دەکوژرێن و کێشەکانیش ئاڵۆزتر دەبن.