شاندی ھەدەپە و یەكێتی یەكڕیزی لایەنەكان تاوتوێ دەكەن
ھەدەپە لە سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەك لایەنی دیكە كۆدەبنەوە

K24 - سلێمانی
دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكان لەشاری ھەولێر، ئەمڕۆ شاندی ھەدەپە لە سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەكی دیكە لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆدەبنەوە.
ھاوژین جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا شاندی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) بە سەرۆكایەتی پەروین بوڵدان ھاوسەرۆكی گشتی ھەدەپە گەیشتنە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی و لەلایەن مەلا بەختیار لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی پێشوازیان لێكرا، بڕیارە لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ لەبارەی یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و یەكگرتووی كورد بكەن".
پەیامنێرمان گوتیشی: "بڕیارە ھەر ئەمڕۆ شاندەكەی ھەدەپە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و تەڤگەری ئازادی كۆببنەوە، ھەروەھا سەردانی نوێنەرایەتی پەیەدە لە ھەرێمی كوردستان بكەن".
رۆژی 7 ئەم مانگە شاندی ھەدەپە لە ھەولێر لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی كوردستان و ناوچەكەیان كرد، ھەروەھا شاندەكەی ھەدەپە لەگەڵ ژمارەیەك لایەنی سیاسی كوردستان لە ھەولێر كۆبوونەوە.
شەوی 6/4/2018، شاندێكی ھەدەپە بە سەرۆكایەتی پەروین بوڵدان ھاوسەرۆكی گشتی و عوسمان بایدەمیر و فەلەكناز ئۆجا و ئیمام تاشجیەر و زەینەب بۆغا پارلەمانتارانی هەدەپە، لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گەیشتنە ھەرێمی كوردستان.
ھ.م


