مەلا بەختیار: دوای 16 ئۆکتۆبەر بۆشایی ئەمنی لە کەرکووك دروستبووە

"پێویستە حكوومەتی عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم بكات"

K24 - سلێمانی

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند: "دوای 16ی ئۆكتۆبەر، بۆشاییەكی ئەمنی لە كەركووك دروستبووە و خەڵكی كەركووك و ئەو ھێزانەی ئێستا لە شارەكەن ھیچ پەیوەندییەكی ویژدانیی لەنێوانیاندا نییە".

 گوتیشی: "پێویستە حكوومەتی عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكات بۆ گەڕانەوەتی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم".

مەلا بەختیار ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "پڕبوونەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كەركووك بە جێبەجێكردنی دەستوور و بە تێگەیشتنی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی شارەكان دەكرێت".

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا داھات لەگەڵ پەروین بوڵدان، ھاوسەرۆكی ھەدەپە كە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ژمارەیەك لایەنی سیاسی باشووری كوردستان ئەمڕۆ لە سلێمانین.

ھ.م