پارێزەری خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند: شاسوار ژیانی خستوومەتە مەترسییەوە
"شاسوار عەبدولواحید لە خۆیەوە بووە بە خاوەنی 80% پشكەكان"
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگا بۆ گێڕانەوەی مافی خاوەن پشكەكانی چاڤیلان بەڕێوەدەچێت، پارێزەری خاوەن پشكەكانی چاڤیلاندیش رایدەگەیەنێت، كەناڵەكانی سەر بە شاسوار عەبدولواحید تۆمەت و بوختانم بۆ دروست دەكەن، بۆ ئەوەی واز لەو دۆسێیە بێنم، لەلایەن كەسانی نەناسراو ھەڕەشەم لێدەكرێت و شاسوار بە بەرپرس دەزانم.
جەمال حەمە رەشید، پارێزەری خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند: "لە ساڵی 2011 وەك پارێزەرێكی خۆبەخش، بەھۆی چەواشەكارییەكانی شاسوار عەبدولواحید ھەڵخەڵەتام، پشكم كڕیوو پارەم لە بانك دانا، من لە خۆمەوە نەبووم بە خاوەن پشك، بەڵكو ئەوە شاسوار خۆیەتی لە خۆیەوە بووە بە خاوەنی 105 ملیار پشك كە دەكاتە 80% پشكەكانی چاڤیلاند، بەبێ ئەوەی یەك دۆلاری لە بانك دانابێت".
كەناڵەكانی سەر بە شاسوار عەبدولواحید تۆمەتم بۆ ھەڵدەبەستن و ژیانی منیان خستووەتە مەترسییەوە، شاسوار عەبدولواحید بە بەرپرس دەزانم بەرامبەر ئەو ھەڕەشانەی لێم دەكرێت لەلایەن كەسانی نەناسراو، دەیەوێت بەو بوختان و ھەڕەشانە وام لێ بكات كە وازبێنم لە دۆسێی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند، لە ساڵی 2014 بێ بەرامبەر بەرگری لە مافی 10 ھەزار خاوەن پشك دەكەم و بەردەوامیش دەبم، بەڵگەی تەواومان لەبەر دەستە بۆ خستنەرووی ھەموو ئەو ساختەكاریانەی كە بەرامبەر خاوەن پشكەكان كراوە".