پزیشکیان: دیدگای زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەرامبەر بە ئێران گۆڕاوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەی گشتیی فەرماندەکانی هێزی ئاسایشی ناوخۆدا جەختیکردەوە، پێویستە بایەخ بە رەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەو جەنگەی دژی وڵاتەکەی دەکرێت، بدرێت.
پزیشکیان سەبارەت بە جیاوازیی شێوازەکانی ململانێ گوتی "جەنگی سەربازی ئاشکرایە، بەڵام جەنگی ئابووری نەبینراوە و زۆر سەختتر و قورسترە". لەگەڵ ئەمەشدا حکوومەتەکەی سوورە لەسەر خزمەتکردنی گەل و پووچەڵکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگی ئابووریی دوژمن.
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شکستهێنانی پیلانەکانی دوژمن کرد و روونیکردەوە، لایەنی بەرامبەر پێیوابوو بە شەهیدکردنی فەرماندەکان و هێرشکردنەسەر ناوەندە ئەمنی و پۆلیسییەکان دەتوانێت ئاژاوەی ناوخۆ دروست بکات، بەڵام بە خۆڕاگریی هێزەکان و ئامادەبوونی خەڵک لە مەیدانەکەدا، ئێران سەربەرزانە مایەوە.
پزیشکیان سەبارەت بە پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران گوتی "دوای رووداوە تازەکان، دیدگای زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەرامبەر بە ئێران گۆڕاوە و ئێستا بە چاوێکی جیاواز سەیری وڵاتەکەمان دەکەن"، ئەوەشی خستەڕوو، هیچ یەک لە وڵاتانی ناوچەکە پێشبینییان نەدەکرد ئێران بتوانێت بەرامبەر بەو هێرشە دڕندانەیە بوەستێتەوە.
لەبارەی گەمارۆکانیشەوە، سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوە کرد. لایەنی بەرامبەر هەموو فشار و سزایەکی دژی ئێران بەکارهێناوە بۆ ئەوەی رێگری لە خزمەتکردنی خەڵک بکات، بەڵام تاران بڕیاریداوە خزمەتی گەل بکات و پێداویستییەکانیان دابین بکات.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، پزیشکیان جەختیدەکاتەوە کە سەربەرزیی وڵات لە بەرنگاربوونەوەی دوژمن و پشتبەستن بە گەلەکەیاندایە و ئامادەنین لە بەرامبەر هیچ دوژمنێکدا سەر بنەوێنن، چونکە تا گەل پشتیوانی حکوومەتەکەیان بن، لە هیچ مەترسییەک ناترسن.