ئەحمەد سەحاف: پشکنین بۆ 18 تەرمی کۆچبەران دەکرێت

ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، پرۆسەی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ 18 تەرم دەستیپێکردووە، کە گومان دەکرێت هاووڵاتیی عێراقی بن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد سەحاف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ‘واع’ـی راگەیاند، باڵیۆزخانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری لیبی، رێکارەکانی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ئەو تەرمانە دەستپێکردووە.

هاوکات هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی لیبیاش بۆ هەمان مەبەست هەیە، چونکە دەیان تەرم لە دەریای ناوین و کەناراوەکانی ئەو وڵاتە دۆزراونەتەوە.

ئەحمەد سەحاف جەختیکردەوە، بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی فەرمی و متمانەپێکراو، زۆرترین وردبینی دەکەن، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ زانینی چارەنووسی ژمارەیەکی دیکەی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە رێگەی لیبیاوە هەوڵی گەیشتن بە ئەورووپایان داوە.

یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، هەوڵە بەردەوامەکانی باڵیۆزخانەکە بووە هۆی ئاشکرابوونی چارەنووسی 9 کۆچبەری عێراقی، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە خاکی لیبیا. گوتیشی: دەستیان بە رێکارەکانی سەلماندنی ناسنامەی عێراقیی ئەو کۆچبەرانە کردووە، بۆ ئەوەی بە خواست و ئارەزووی خۆیان بگەڕێندرێنەوە ناو خێزانەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای گەیشتنی هەواڵی دیارنەمانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە وڵاتی لیبیا، راستەوخۆ لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە راسپێردران دەستبەجێ رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و رزگارکردن و هێنانەوەیان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، تەواوی رێکارە یاساییەکانی تایبەت بە 11 هاووڵاتی تەواو بووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.