عه‌بادی: نابێت په‌كه‌كه له‌نێو عێراق چه‌ك هه‌ڵبگرێت
"پێمان گوتوون كارێكی قبوڵكراو نییه"
K24 - ھەولێر
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، داوا له پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) ده‌كات به ته‌واوی له شنگال بكشێته‌وه و رایدەگەیەنێت، رێگه ناده‌ین گرووپێكی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، لەناو وڵاتەكەیان چه‌ك هه‌ڵبگرێت.
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له كۆنگره رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه له شنگال رایگه‌یاند: "په‌یامێكی روونمان گه‌یاندووه ئه‌وان، بۆچوونی حكوومه‌ت ئه‌وه‌یه، كه ده‌بێت چه‌ك ته‌نیا له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت بێت، په‌یامێكی روونمان پێ گه‌یاندوون، كارێكی قبوڵكراو نییه، له ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری، گرووپی چه‌كداری هه‌بن و سه‌ر به وڵاتی دیكه بن، كه چه‌ك له عێراق هه‌ڵبگرن، ئێمه شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ كه‌س ناوێت، یانیش شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت، هه‌روه‌ها ده‌ستووره‌كه‌مان رێگه‌مان پێ نادات، كه رێگه به هێرشكردنه‌سه‌ر وڵاتێكی دراوسێ له نێو خاكی عێراق بدرێت، له‌نێویشدا، توركیا، بوونی په‌كه‌كه له عێراق شتێكی كۆنه، نوێ نییه، چل بۆ سیی و پێنج ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه".
عەبادی دەشڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌وان وه‌ك په‌نابه‌ربن، كێشه‌مان له‌گه‌ڵیان نییه، ئه‌مه لایه‌نێكی مرۆییه، به‌ڵام رێگه به چه‌ك هه‌ڵگرتن ناده‌ین، بۆیه له ماوه‌ی رابردوو دا داوامان كردووه، كه په‌كه‌كه له شنگال به‌ته‌واوه‌تی بكشێته‌وه".
هه‌ر له كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا، عه‌بادی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه سنووره‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ سووریا پته‌و كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ی چه‌كدارانی داعش نه‌توانن له نێو خاكی سووریاوه هێرش بكاته سه‌ر ناوچه جیاجیاكانی عێراق.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو بارەوە گوتی: "ده‌بێت پاشماوه‌كانی داعش له رۆژهه‌ڵاتی فورات له‌ناوببرێت، ئێمه سوورین له‌سه‌ر ئه‌مه، باجه‌كه‌ی هه‌ر چییه‌ك بێت، ئه‌م كاره ده‌كه‌ین، رێگه به داعش ناده‌ین، جارێكی دیكه له‌سه‌ر سنووری عێراق و سووریا گه‌شه بكاته‌وه و هێرش بكاته سه‌ر عێراقییه‌كان".
ھ.م