یەكێتی ماڵ و موڵکی حزب لە لایەنگرانی بەرھەم ساڵح وەردەگرێتەوە
"ھەموو لایەنگرانی بەرھەم ساڵح لە یەكێتی دەردەكەین"
K24 - ھەولێر
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئاشكرای دەكات لە دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، بڕیار لەسەر ئەوە دراوە كە ئەو كەسانەی كار بۆ لیستی بەرھەم ساڵح دەكەن، لە ریزەكانی یەكێتی دەریان دەكەن. لە هەر پلە و پایەیکدابن، هەموو ماڵ و موڵکی یەکێتییان لێدەسەندرێتەوە و مووچەیان لە یەکێتی دەبڕدرێت.
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە: "لە دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش بڕیارماندا، بەرهەم ساڵح، یەکێتی نیشتمانی کوردستان نییە، هەموو ئەو کەسانەی لەناو یەکێتین لە هەر پلە و پایەیکدا بن، بەڵام لە لیستەکەی بەرهەم بن دەردەکرێن و ماڵ و موڵکی یەکێتیان لێدەسەندرێتەوە و مووچەیان لە یەکێتی دەبڕدرێت".
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: "لە ناو یەکێتیدا خەڵکانێك هەن کە کار بۆ بەرهەم دەکەن، بۆیە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهاتووە لەسەر ئەو کەسانە دوای دڵنیابوونەوە ئەگەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی بن، ئەوا ئەندامێتیان تا کۆنگرە هەڵدەپەسێردرێت بۆ ئەوەی کۆنگرە بڕیاریان لەسەر بدات، بەڵام ئەگەر خوار مەکتەبی سیاسی بن ئەوا دەردەکرێن لە ناو یەکێتی".
مەلا بەختیار، پێشی وایە: "بناغەی شکستی حکوومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەم، ئەو کاتەی ئەو سەرۆکی حکوومەت بوو قەرزێکی زۆری هێنایە سەر ئەم حکومەتە، لە سەردەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی بەرهەم سەرمایەدار هەبووە نەک 100% بەڵکو 800% قازانجی کردووە، مەگەر ئەوە تەنها بازرگانانی مادەی هۆشبەر و قاچاغچی فرۆشتنی هێرۆین قازانج بەو رێژەیە بکات".
لەبارەی چارەنووسی چارەنوسی نەجمەدین کەریم، لە ریزەكانی یەكێتیدا مەلا بەختیار دەڵێ: "کۆنگرەی یەکێتی بڕیار لەسەر چارەنووسی نەجمەدین کەریم دەدات، بەڵام پێویستە لەسەر خۆی کە چارەنووسی خۆی ڕۆشنتر بکاتەوە".
ئەوە لە كاتێكدایە بە گوێرەی نووسراوێكی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی كە لە رۆژی 8/4/2018 دەرچووە و كوردستان24 بڵاویكردووەتەوە، یەكێتی بڕیاری دوورخستنەوەی ژمارەیەك بەرپرسی حزبەكەیدا و لە نووسراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە كە ئەو كەسانە پەیوەندییان بە لایەنێكی دیكە كردووە و كار بۆ لیستێكی دیكە دەكەن، كە مەبەست لێی لیستەكەی بەرھەم ساڵحە.
ھ.م