بەرھەم ساڵح: با راگەیاندنەكان ئاو نەكەنە ئاشی كێشەكانەوە
ھاووڵاتیان داوای پاراستنی تهبایی دهكهن
K24 - سلێمانی
لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێکی ماوە بۆ دەستپێکی وادەی بانگهشهی ھەڵبژاردنی خولێكی نوێی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، بەڵام ههر له ئێستاوه زمانی توند و زبر لە میدیای بەشێك لە حزبەکان بەکار دەھێنرێت، سەرۆکی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن دەكات، ئاو نەكەنە ئاشی كێشەكانی كوردستان.
بەرھەم ساڵح، سەرۆکی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 راگەیاند: "پێویستە راگەیاندنەكان واز لە زمانی زبر و تەشھیركردن بێنن، با ئاو نەكەنە ئاشی كێشە و گرفتەكانی ئەم وڵاتە، بۆ ئەوەی تەركیزمان لەسەر چارەسەری كێشەكان بێت".
گوتیشی: "جگە لە سیاسییەكان میدیاكانیش فوو لە ئاگرەكە دەكەن، پێویستە ھەوڵدەین زمانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و زمانی چاكسازی زاڵ بكەین، وڵاتەكەمان تووشی مەینەتی گەورەبووە، سەرباری ئەوەش ھەموو رۆژێك ئەم شەڕە جنێو و تەشھیرە بوونی ھەیە".
ھەر پەیوەست بەو باسەوە، جەمال ساڵح، سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان لقی سلێمانییە و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە شاخ و شۆڕشدا کاری راگەیاندنی کردووە، ئهو نیگەرانە لەوەی ئێستا لایەنە سیاسییەکان و بەشێك لە میدیاکان زمانی زبر بەکار دەھێنن و بۆشای سیاسی زیاتر لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان دروست دەکەن و دەڵێت: "بەداخەوە پەرشوبڵاوی كۆمەڵگەكەمان بووەتە ھۆكارێك بۆ نەگەیشتن بە ئامانجە گشتییەكانی گەلەكەمان، ئەگەر سەركردەكانمان یەكڕیزی بپارێزن، پێشمەرگە و میللەت ھیچ كێشەیان نییە".
چەند رۆژێکی ماوە بۆ دەستپێکی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە بڕیار وایە پرۆسەی دهنگدان لە 12 مانگی داھاتوو بهڕێوهبچێت، بەشێك لە ھاووڵاتیانیش لە پاڵ سەیران و گەشتی خۆیان داوای پاراستنی تهبایی دهكهن.
ھ.م