"شەش مانگە نەوتی كەركووك بە تاڵان رەوانەی ئێران دەكرێت"

ھیچ كەس ھەڵوێستی نییە

K24 - ھەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "ماوەی 6 مانگە نەوتی کەرکووك بۆ ئێران دەڕوات و هیچ کەسێکیش لەبەرامبەردا هەڵوێستی نەبووە".

گوتیشی: "بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەبێت یەکدەنگبین و ئەو بارودۆخە سەپێندراوەی سەر کەرکووك رەتبکەینەوە".

روونیكردەوە: "ھەندێك پەرلەمانتاری كورد ھەن لە بەغدا، كاتێك كە نەوتی كەركووك داھاتەكەی بۆ مووچەی خەڵكی كوردستان دابین دەكرا، دەیانگوت، نەوتی كەركووك بە تاڵان دەبێت، بەڵام ئێستا ماوەی شەش مانگە نەوتی كەركووك بە تاڵان رەوانەی ئێران دەكرێت، كەس لەسەر ئەو بابەتە نایەتە دەنگ".

لەبارەی چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری ھەرێم، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "داھاتووی ناوچە كێشە لەسەرەكان پەیوەستە بە یەكگرتووی و یەكڕیزی نێو ماڵی كورد، بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك، دەبێ ھەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەو دۆخە سەپێندراوەی سەر كەركووك رەتبكەنەوە".

لە 16 ئۆكتۆبەری 2017 حەشدی شەعبی و سوپای عێراق شاری كەركووك و بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیان داگیركرد، دوای ئەوە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و ئێران باسیان لەوەكردووە لە ھەوڵدان نەوتی كەركووك بە فەرمی رەوانەی تاران بكەن، بەڵام ئێستا بە قاچاخ نەوتی ئەو شارە كوردستانییە رەوانەی تاران دەكرێت.

ھ.م