ئهمریكا و هاوپهیمانهكانی ئهسهد دهترسێنن
ئەمریكا و ھاوپەیمانانی هێرشیان كردهسهر سووریا
K24 - ھەولێر
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا کاتژمێر نۆی شەو بەکاتی واشنتن، چواری بەیانی بە کاتی هەولێر فڕۆکە جەنگییەکانی هەریەك لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا سێ ئامانجی سەرەکی و گرنگیان لە دیمەشقی پایتەحتی سووریا بۆردوومانکرد، ئامانجی یەکەم بنکەیەکی لێکۆڵینەوەی زانستی بووە، کە زانیاریەکانی هەواڵگری ئەمریکا بە بنکەی سەرەکی چالاکیی زانستی چەکی کیمیاوی دادەنێن لە سووریا، دوو ئامانجەکەی تریش بریتی بوون لە عەمبار و کۆگای چەک و ماددەی کیمیاوی سەربازیی.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، کاتژمێر نۆی شەو ئۆپەراسیۆنەکەی دژی رژێمی بەشار ئەسەد، راگەیاند لە گوتارێکی بەپەلەیدا بۆ تەلەفزیۆنەکان و دواتر کاتژمێر 10ی شەو بەکاتی واشنتن و 5ی بەیانی بەکاتی هەولێر پەنتاگۆن لە پرێس کۆنفراسێکی بەپەلەدا کە تیایدا وەزیری بەرگری ماتیس و جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی دەستەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا دووپاتی هێرشەکەیان کردەوە و سەبارەت بە وردەکاری قوربانی و زیانەکان تەنیا ئەوەیان ئاشكرا كردووە، کە ئامانجەکانیان سەد لەسەد پێکاوە و تێکیانشکاندوون و رووسیا و هیچ لایەنێکی تر دژە مووشەکیان بەکارنەهێناوە.
دۆناڵد درەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: "بە ھەماھەنگی فەرەنسا و بەریتانیان چەند ئامانجێكمان لە سووریا پێكا". لای خۆشیەوە ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا ئەوەی خستەڕوو، كە كۆگاكانی چەكی كیمیایی رژێمی ئەسەدیان بۆردوومان كردووە.
هەروەها وەزیری بەرگری لەوەڵامی رۆژنامەواناندا گوتی، پەیامێكی روونمان بە سووریا گەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا بۆ ئەمشەو بووە و پلانمان بۆ ھێرشی دیكە نییە، بەڵام ئەگەر بەشار ئەسەد واز لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەهێنێ ئەوا دووبارەی دەکەینەوە.