یەكێتی ھەوڵدەدات خۆی لە تەنگەژەكە رزگار بكات
ناوی ئەندامانی لیژنەی لێپرسینەوەكە ئاشكرا دەكرێت
K24 - سلێمانی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ خۆ دەربازكردن، لەو تەنگەژەییەی کەتێیدایە و بە مەبەستی کۆتایھێنان بەباڵ باڵێنی ناو ریزەکانی، لیژنەیەکی لەئاست مەکتەب سیاسی پپێکھێناوە بۆ دەرکردنی ئەو کەسانەی کە لەناو یەکێتین و بەئاشکرا و نھێنی کار بۆ قەواریەکی دیکەی دەکەن. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەش دەڵێت، ھەر ئەندامێك لە ھەر ئاست و پلەیەکدا بێت بۆیان روونبێتەوە کە کار بۆ لایەنێکی دیکە دەکەن بێ یەك و دوو دەریدەکەن و ھەرچی موڵك و ماڵی یەکێتیشی لایە لێی وەردەگرنەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا بە بڕیاری مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی ژمارەیەك لە بەرپرس و كادیرانی یەكێتی لە ریزەكانی ئەو حزبە دوورخرانەوە و وەك لە دەقی بڕیارەكە ھاتووە، ئەو بەرپرس و كادیرانە لە دژی سیاسەتی یەكێتی كار بۆ لیستێكی دیكە دەكەن.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند: "ھەمیشە لەناو یەكێتی جیابوونەوە ھەبووە، چونكە ھەر لەسەرەتاوە یەكێتی ھێزێكی نیمچە بەرەیی بووە و مینبەری جیاجیا فكری تێدابووە، ھەروەھا رەنگە ناكۆكی نێوان بەرژەوەندییەكانیش رۆڵی خۆی ھەبێت لەو كێشانە، بۆیە من پێموایە ئەوانەی ئومێد لەسەر ئەوە ھەڵدەچنن كە یەكێتی كۆتایی پێدێت، دەبێ ئەو ئومێدە ببەنە گۆڕەوە و یەكێتی كۆتایی نایەت".
یەكێتی ھەڵمەتی دەرکردنی ئەو کەسانە دەستپێکردووە و كە بۆ لیستێكی دیكە كار دەكەن، تائێستا بە چەند لیستی جیاواز ژمارەیەك ئەندام و کادر لەریزەکانی یەکێتی دەکراون، پێدەچێت بەلیستی دیکەش فەرمانی دەکردن بۆ ژمارەیەکی دیکە دەربکرێت کە پلەی بەرزیان لەناو یەکێتی ھەیە.
ھەر سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی دەڵێت: "لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی و لیژنەی باڵای ئامادەکاری ھەڵبژاردنەکان بەسەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی، بە راشكاوی ئەو بابەتە باسكراوە كە خەڵك ھەیە لەناو یەكێتی بۆ لێستێكی دیكە كاردەكات، ئەوانەی كە دەریش دەكرێن دەبێ موڵك و ماڵی حزبیان لێ بسەندرێتەوە".
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، ئەو لیژنەیە کە كە یەكێتی بۆ لێپرسێنەوە لە ئەندام و کادرەکانی پێكی ھێانەوە، لە سێ کەس پێکھاتوون کە بریتین لە حاکم قادر حەمەجان و عومەر فەتاح و ئەرسەلان بایز، گومانیشیان لە ھەر کەسێك ھەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن و دواجار بڕیار دەدەن، بەوپێەی بوونی ئەو کەسانە لەناو یەکێتی کاریگەری لەسەر دەنگ و پێگەی حزبەکە دەبێت.
ھ.م