مووشەكە جوانەكانی ترەمپ نرخی نەوت بەرزدەكەنەوە

نرخی نەوت بەرترین ئاستی تۆمار كرد

K24 - سلێمانی

توندبوونەوەی ناکۆکییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی بۆردوومانی ئەمریكا و ھاوپەیمانانی بۆسەر سووریا، کاریگەریی کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و نرخی ھەر بەرمیلێکی گەیاندووەتە زیاتر لە 72 دۆلار، کە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەنێت.

لەگەڵ ئەوەی ئێستا نرخی نەوت لەماوەی سێ ساڵی رابردوو گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بەڵام ھەر بەرزبوونەوەیەك لە نرخی نەوت  گۆڕانکارییەکی خێرا دروست  ناکات، لەو بەشە بووجەی حکوومەتی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستانی دیاریکردووە. سەرۆکی  لیژنەی دارایی  پەرلەمانی کوردستانیش پێ وایە لەکاتێکدا بەغدا بەگوێرەی پێویست بەشە بوجەی بۆ ھەرێم نەنارد، دوو رێگا لە بەردەمی حکوومەتی ھەرێم ھەیە بۆ پشت بەستن بەسەرچاوەی ئابووری  خۆی.

عزەت  سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "یەكێك لە ھۆكارەكان بۆ چاككردنی دۆخی ھەرێمی كوردستان، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕی جیھان، ھۆكاری دووەمیش زیادكردنی زیادكردنی بەرھەمی نەوتە، حكوومەتی ھەرێم دەبێ پەلە بكات، بەرھەمی نەوت لە كێڵگەكان زیاد بكات، بۆ ئەوەی ئەگەر بەغداش پشكی ھەرێم لە بوودجە زیاد نەكات، حكوومەتی ھەرێم بتوانێ، بەو داھاتەی خۆی لە نەوت دەستی دەكەوێت، خەرجییەكانی پێ جێبەجێ بكات و مووچەی فەرمانبەرانی پێ چاك بكات و ژێرخانی ئابووری كوردستانی پێ ئاوەدان بكاتەوە".

لە رۆژێکدا لە نزیكەی 300 ھەزار بەرمیل نەوت لە بیرە نەوتییەکانی ھەرێمی  کوردستان  دەردەھێنرێت، سەرۆکی سەندیکای ئابوری ناسانیش لە پارێزگای سلێمانی. ئاماژە بەوەدەکات  حکوومەتی  ھەرێم  چەندین  رێگای  لەبەردەمدەیە بۆئەوەی لەرێگەی  بەرزبوونەوەی  نرخی  نەوت بتوانێت قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان نەھێڵێت.

نەوزاد کامیل، سەرۆکی  سەندیکای  ئابووری  ناسان دەڵێت: "حكوومەتی ھەرێم دەتوانێت سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بكات، ھەوڵبدا سیستمی پاشەكەوت نەھێڵێ و سیستمی خانەنشینی نوێ جێبەجێ بكات، ھەروەھا ئەو شاندەی حكوومەتی ھەرێم كە بەنیازە لەم ماوەی سەردانی بەغدا بكەن، گفتوگۆ لەسەر ئەوە بكەن ئەو بڕە پارەیەی لە بەغدا بۆ ھەرێم دێت زیاد بكرێت".

نرخی بەرمیلێك نەوت لە بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2018 بە 46 دۆلار دانراوە و رۆژانەش عێراق نزیکەی 3 ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، گرژییە سیاسییەکان نرخی نەوت بەرز دەکەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بوودجە لەسەر بنەمای دیاریکراوی نرخی نەوت دانراوە، ھەر پارەیەکی زیادە ناچێتە ناو بوودجەوە، بەڵکو دەچێتە سندووقی یەدەگی عێراقەوە و ھەڵدەگیرێت.

دوای ئەوەی كە لە ھەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، لە وەڵامی رووسیادا رایگەیاند، چاوەڕێ بن مووشەكە نوێ و جوان و زیرەكەكان دەگەن، بەەبەیانی دوێنێ بەكاتی ھەولێر و 9 شەو بەكاتی واشنتن، ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا بۆردوومانی سووریایان كرد و وەك ئاشكرایان كرد، چەند سەرچاوەیەكی دروستكردنی چەكی كیمیاییان لە سووریا كردووەتە ئامانج.