پارتی له 14 خاڵدا به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیسته‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نێت
لیستی 184ـی پارتی ئامانجه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردن و خولی داهاتووی په‌رله‌مان روونده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
پارتی دیموكراتی كوردستان له 14 خاڵدا به‌رنامه‌ی لیسته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه ژماره "184"ـه بڵاودهكاتهوهو رایگه‌یاندووه: "پارتی دیموکراتی کوردستان کاردەکات بۆ پاراستنی مافی کورد و کوردستانیان. ئێمە باوەڕمان وایە ئه‌و مافانه به دڵنیابوونەوە لە مافی هەموو عێراقییەکان دەپارێزرێت. عێراق ئەوکاتە سەرکەوتوو دەبێت کە حکومەتی فیدراڵی رێز لە ده‌ستوور و فیدراڵیزم و دەسەڵاتی یاسا و فرەڕەنگی هەموو پێكهاتاكان بگرێت کە لە عێراقدا دەژین".
به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیستی 184ـی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق كه بڕیاره رۆژی 12/5/2018 به‌ڕێوه بچێت له 14 خاڵ پێكهاتووه‌و له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌كه‌شدا په‌یامێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێن: "پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە مافی خه‌ڵكی کوردستانی لە پێش هەموو شتێکەوە داناوە. خه‌بات ده‌كه‌ین پێگەی کورد و كوردستان لە عێراق و دەرەوە به‌هێز بێت. هه‌روه‌ها لەگەڵ پارتەکانی دیکەی عێراقدا کاردەکەین کە هەمان تێڕوانینیان لەسەر عێراقی فیدراڵ هەیە و باوەڕیان بە پێكه‌وه‌ژیان و فرەڕەنگییە".
پارتی ئه‌و 14 خاڵه‌ی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆی وه‌ك ئامانج دیاریكردووه‌و ده‌ڵێت: "به‌رده‌وام ده‌بین له تێكۆشان و دیالۆگی جدی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له مافی چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان به شێوازی ئاشتیانه و بۆ به‌دیهێنانی پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری و مسۆگه‌ركردنی ئه‌و مافه ره‌وایه بۆ گه‌لی كوردستان. پەیمان دەدەین بۆبه‌دیهێنانی ئەم ئامانجانە كه له ئەولەویەتی به‌رنامه‌ی کاری ئێمەدا ده‌بن لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا".
به‌رنامه‌ی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان
بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق 2018
- پاراستنی ماف و ئازادییه ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان و قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمێكی یه‌كگرتووی به‌هێز.
- وێڕای قه‌درزانین و پێزانینی پارتی بۆ خۆڕاگری و ته‌حه‌مولی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و مووچه‌خۆران به‌تایبه‌تی، پێداگیری و هه‌وڵه‌كان چڕده‌كه‌ینه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له داهاته‌كانی عێراق و كۆتاییهێنان به‌و غه‌دره‌ی چه‌ندین ساڵه له گه‌له‌كه‌مان ده‌كرێ له‌بواری بودجه و مووچه و شایسته داراییه‌كان.
- پیاده‌كردنی ده‌ستوور به ته‌واوی ماده و بڕگه‌كانیه‌وه، كه تاكه زامنی به‌رده‌وامیی یه‌كگرتنی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی خاك و گه‌ل و سه‌روه‌ریی عێراقه و پابه‌ندبوون به ده‌ق و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی كه له‌سه‌ر پرنسیپه‌كانی شه‌راكه‌ت و هاوسه‌نگی و ته‌وافوق داڕێژراوه.
- جێبه‌جێكردنی ده‌ستوبردی مادده‌ی سه‌دوچل (140) به ئاساییه‌كردنه‌وه و سه‌رژمێری و راپرسییه‌وه و كۆتاییهێنان به ره‌وشی ناجۆری كه‌ركوك و كۆی شار و شارۆچكه‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم. هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ته‌واوی زیانلێكه‌وتوانی روداو و شاڵاوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017.
- پاراستنی سیستمی كۆماریی ئیتیحادیی دیموكراتیی فره‌یی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نیی موئه‌سسه‌ساتی به‌رمه‌بنای شه‌راكه‌ت و هاوڵاتیبوونی یه‌كسان.
- عێڕاق وڵاتی فره‌نه‌ته‌وه و ئاین و ئاینزای جیاوازه، ده‌بێ رێز له جیاوازیه‌كان بگیرێت و ئازادییان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت و ئه‌و جیاوازیانه ببنه خاڵی به‌هێزی وڵاته‌كه و، ئیرهاب و گوشاری كه‌به‌مه‌به‌ست دروستده‌كرێت به‌ئامانجی كۆچپێكردن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا، كۆتایی پێ بێت.
- دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی ئیتیحادی و ده‌رچواندنی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی له ده‌ستووردا بنه‌مایان داڕێژراوه، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتووان.
- پاراستنی ئه‌و سه‌قامگیری و ئاسایشه دابینكراوه‌ی ساڵانێكه به هیمه‌تی رۆڵه‌كانی داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانی كوردستان هاتۆته كایه‌وه.
- بۆ ئاشته‌واییه‌كی نیشتمانیی سه‌رتاسه‌ریی و پێكه‌وه‌ژیانی راسته‌قینه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كۆی ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كانی شه‌ڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان، هه‌روه‌ها هه‌وڵی فراوان بۆ هاوكاریكردنی قوربانیانی جینۆساید و سزادانی تاوانبارانی جه‌نگ.
- بێلایه‌نی سوپای عێڕاق و هه‌یكه‌له و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌گوێره‌ی مادده و بڕگه‌كانی ده‌ستووربێت، هه‌روه‌ها رێگریكردن له میلیتاریزه‌كردنی كۆمه‌ڵگا.
- هاوكاری دادپه‌روه‌رانه و دانپێدانان به پێشمه‌رگه و دابینكردنی ماف و پێداویستیه‌كانی له هه‌موو رویه‌كه‌وه، كه به ئازایه‌تی و خۆڕاگری و پێشكه‌شكردنی هه‌زاران شه‌هید و بریندار كوردستان و عێڕاقیان و جیهانیشیان له تیرۆریستان پاراست.
- بۆ چاكسازی ئابوری و دارایی بنه‌ڕه‌تی كه عێراق له داروخانی ئابوری قورتار بكات.
- بۆ ریفۆرمێكی سیاسی و ئیداری گشتگیر كه رێز و سه‌روه‌ریی بۆ دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌سته‌به‌ربكات.
- داكۆكیكردن له مافه سیاسی و ئیداری و كولتورییهكانی توركمان و كلدان سریان ئاشوری و ئه‌رمه‌ن مافی كوردانی ئێزدی و فه‌یلی.