"دەبێ لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسند بکرێت"
ھۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان و حكوومەت ئاشكرا دەكرێت
K24 - ھەولێر
بڕیاربوو ئەمڕۆ لەبارەی پڕۆژە یاسای چاكسازی كۆبوونەوەیەك لە نێوان حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ھۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكە بۆ ئامادەنەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان دەگێڕێتەوە و پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتیش رایدەگەیەنێت، دەبێ لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسند بکرێت.
فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك پارتی پێداگیرین لەسەر تێپەڕاندنی یاسای چاکسازی و هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نییە".
گوتیشی: "باشترین چارەسەر ئەوەی ھەر سبەی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكان ئەنجامبدرێت، لەم كۆبوونەوەیە بڕیار لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پەسندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی".
فرسەت سۆفی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ھیچ پەیوەندی بە بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە نییە، نابێ كاروباری پەرلەمان و حكوومەت بەھۆی بانگەشەی ھەڵبژاردن بوەستێندرێت، دەبێت یاساکە لە چەند رۆژی داهاتوو پەسندبکرێت، ئەگەر ھەر ھێزێك بیەوێت ببێتە رێگر لەبەردەم بە شەفافی ھەموو راستیەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا دەخەینەڕوو".
ئەوەشی خستەڕوو: "ھەوڵدەدەین ھەموو لایەك پێكەوە ئەو یاساییە تێپەڕینین و نەیكەینە دەستكەوتی سیاسی و حزبی و تێكەڵاوی نەكەین بە بانگەشەی ھەڵبژاردن، بەپێچەوانەوە دەستكەوتێكیكی گرنگە بۆ خەڵكی كوردستان و مەبەست لێی مووچەی كەس نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكە بۆ دادپەروەری لە كوردستان".
ھەر سەبارەت بەو پرسە بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد، لەبارەی ئەو ماددانەی كە تێبینیان لەسەرە لەگەڵ تێبینی و پێشنیارەكانمان پێ بڵێنەوە، بەڵام وەزیرەكان نەیانتوانی ئەمڕۆ بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمان ئامادەبن و رایانگەیاندبوو لە كاری دیكەیان ھەیە و داوای دواخستنی كۆبوونەوەكەیان كردبوو، بۆیە ئەمڕۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان دواخرا".
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: "ھیچ فراكسیۆنێك بەتایبەتی ئەوانەی لە سەرۆكایەتی پەرلەمانن و بەشدارن لە حكوومەت رێگرنین لە پەسندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی، بەپێچەوانەوە پاڵپشتی پڕۆژە یاساكە دەكرێت بۆ تێپەڕاندنی".
لەبارەی ئەو دەنگۆیەی كە یەكێتی دەگوترێت یەكێتی رێگرە لە پەسندكردنی پڕۆژەكە، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "رێژەی ھەموو لایەنەكان لەنێو خانەنشینان ھەیە و ئەوە راست نییە كە دەگوترێت یەكێتی رێگرە، چونكە ئەو یاسایە تەنھا بۆ یەكێتی نییە و یاساییەكی گشتگیرە.
ھ.م