به‌ره‌ی نوسره و سوپای ئازاد پلان بۆ ئۆتۆنۆمی باشووری سووریا داده‌ڕێژن
ده‌یانه‌وێت هێرش بكه‌نه‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌سه‌د و ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵیان فراوان بكه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
"به‌ره‌ی نوسره" و "سوپای سووریای ئازاد" هه‌وڵده‌ده‌ن ناوچه‌كانی ژیر ده‌ستیان فراوان بكه‌ن و به‌چاودێری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له باشووری سووریا ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمی پێكبهێنن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی كه قسه‌ی بۆ ئاژانسی "نۆڤۆستی" رووسی كردووه، ئه‌و دوو هێزه چه‌كداره خۆیان بۆ هێرشكردنه سه‌ر هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریا له پارێزگاكانی باشوور ئاماده ده‌كه‌ن و به پاساوی پێشێلكارییه‌كانی رژێم و راگرتنی توندوتیژی و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی پلان بۆ فراوانكردنی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵیان داده‌ڕێژن، ئه‌مریكاش دژایه‌تی ئه‌و چه‌كدارانه ناكات و هێشتا "هاوكاری مرۆیی" بۆ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی به‌ره‌ی نوسره و سوپای سووریای ئازاد ده‌نێرێت".
سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاژانسه رووسییه‌كه ده‌ڵێت: "له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا گرژی له‌و ناوچانه زایادیكردووه. به‌پێچه‌وانه‌ی لێدوانی ئه‌مریكییه‌كانیش له دۆڵی رووباری یه‌رمووك جگه له سوپای سووریای ئازاد، به‌ره‌ی نوسره و گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به رێكخراوی داعش‌یش به‌شدارن له‌و گرژیانه‌دا و به ئامانجی فراوانكردنی رووبه‌ری خاكی ژێر كۆنترۆڵیان، كه‌وتوونه‌ته جووڵه".
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی نۆڤۆستی، لایه‌نی رووسی، ئه‌مریكا و ئوردنی ئاگاداركردووه‌ته‌وه كه پێكه‌وه له چوارچێوه‌ی ناوه‌ندی چاودێری له عه‌ممان به‌شدارن، هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی حكومه‌تی سووریا له‌و ناوچانه‌دا. داواشی كردووه رێككاری پێویست بگیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به تیرۆریسته‌كان بهێنرێت و ئارامی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه بگه‌ڕێته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه، به‌ره‌ی نوسره داوای له سه‌ركرده‌ی گرووپه چه‌كداره‌كانی دیكه كردووه كه له پارێزگاكانی (السويداء ودرعا والقنيطرة) كارده‌كه‌ن، پێكه‌وه له یه‌ك كاتدا هێرش بكه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی رژێمی سووریا".
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت: "چه‌كداره ئۆپۆزیسیۆنه‌كان ده‌یانه‌وێت كۆنترۆڵی ناوه‌ندی شاری درعا و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری بكه‌ن و ئامانجیان ئه‌وه‌یه ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمی سه‌ربه‌خۆ له دیمه‌شق درووست بكه‌ن و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا چاودێری پرۆسه‌كه بكات و پایتهختهكهیشیان شاری درعا بێت. هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵییان هێنده‌ی ئه‌و ناوچانه فراوان بكه‌ن كه ئێستا له باكووری سووریا له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیدایه".
به‌گوێره‌ی راپۆرتی ئاژانسه رووسیه‌كه، كاروانی "هاوكاری مرۆیی" له سنووری ئوردنه‌وه به به‌رده‌وامی ده‌گاته ئه‌و ناوچانه‌ی جگه له ئه‌مریكا هیچ لایه‌ن و هێزێكی دیكه‌ی لێنییه چاودێری بكات".
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت: "ژماره‌ی چه‌كدارانی یه‌كه‌كانی سوپای سووریای ئازاد و گرووپه‌كانی هاوكاریان ئێستا 12 هه‌زار كه‌سن. سه‌دان كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگی و سه‌ربازی و ده‌یان راجیمه و مووشه‌كیان هه‌یه و له ده‌روازه سنوورییه‌كانی ئیسرائیل و ئوردنه‌وه پێیان ده‌گات" وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی نۆڤۆستی ده‌یڵێت.