رووسیا: تیرۆریستان سه‌رقاڵی پێكهێنانی حوكمیزاتین له سووریا
"ئه‌مه‌ریكا سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات"
هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایده‌گه‌یه‌نێت، زانیاری‌یان هه‌یه "تیرۆریستان" له باشووری سووریا، سه‌رقاڵی پێكهێنانی حوكمیزاتین و ئه‌مه‌ریكاش سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات.
ماریا زاخارۆڤا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه گوتی: "ئه‌و راپۆرتانه‌مان به‌رچاوكه‌وتوون، كه باس له درووستكردنی ناوچه‌یه‌كی حوكمیزاتی ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كدار و ئێمه‌ش زانیاریمان هه‌یه له‌و باره‌یه‌وه، زانیارییه‌كان له‌گه‌ڵ جموجۆڵه‌كانی سه‌ر زه‌مین یه‌كده‌گرنه‌وه و چاودێری ده‌كه‌ین".
زاخارۆڤا روونیشی كرده‌وه، ئێستا ره‌وشی باشووری سووریا، ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه، گرژی زۆرتری به‌خۆوه بینیوه، وێڕای لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له دۆڵی رووباری یه‌رمووك ده‌گوزه‌رێت، به ته‌نها سوپای ئازادی سووریا نییه، به‌ڵكو "به‌ره‌ی نوسره و داعشیشیان" له‌گه‌ڵدایه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی وه‌ك كاروانی هاوكارییه مرۆییه‌كان له سنووری ئه‌رده‌نه‌وه دێنه باشووری سووریا، هاوكاری مرۆیی ناگه‌یه‌نن و شتی دیكه دێنن.
دووپاتیشی كرده‌وه، ئه‌و كاروانانه‌ی به‌ناوی مرۆیی دێن و ده‌گه‌یه‌نرێنه ناوچه‌كه، به سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی ئه‌مه‌ریكایه.
زاخارۆڤا ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، رووسیا هه‌ردوولایه‌نی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌رده‌نی ئاگادار كردووه‌ته‌وه له جموجۆڵه‌كانی چه‌كداران و پێی راگه‌یاندوون، له‌و ناوچانه هێرشكراوه‌ته سه‌ر هێزه حكوومییه‌كانی سووریا، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بووه.
ماوه‌یه‌كه راپۆرته هه‌واڵییه‌كانی ئاژانسه رووسییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ریكا سه‌رقاڵی درووستكردنی به‌دیلێكه له جیانی دیمه‌شق، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی، له پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی سووننه، یه‌كه ئیدارییه خۆجێییه‌كان درووست ده‌كات و خه‌ریكه هه‌نگاو بۆ حوكمیزاتی ده‌نێن، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ته‌واوی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه.
ا. م