به‌رپرسێكی پێشووی سوپاي سووریا سه‌رچاوه‌كانی چه‌كی كیمیایی دیمه‌شق ئاشكرا ده‌كات
"رووسیا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خستۆته گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و به‌ڵگانه بسڕێته‌وه كه به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌سه‌ده‌وه ده‌سه‌لمێنن"
K24- هه‌ولێر:
زاهر ساكت، ئه‌فسه‌ری فه‌رمانده‌ی پێشوو له سوپای سووریا و پسپۆر له بواری چه‌كی كیمیایی، هه‌ریه‌ك له رووسیا و حیزبوڵڵای لوبنانی به پێدان و گواستنه‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی بۆ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د تۆمه‌تبار ده‌كات.
ساكت دووپاتیكرده‌وه، رووسیا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بۆ سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی به‌ڵگه‌كانی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن رژێمی دیمه‌شقه‌وه ده‌دات، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرد، به دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه له‌سه‌ر چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو له سووریا، نه‌ك ته‌نیا ئه‌سه‌د و حكوومه‌ته‌كه‌ی، به‌ڵكو رووسیاش شه‌رمه‌زار ده‌كرێت و گوتی: "مۆسكۆ سه‌رپه‌رشتی هێشتنه‌وه‌ی كۆگاكانی چه‌كی كیمیایی رژێمی سووریا ده‌كات و، هه‌موو هاوكارییه‌كیش بۆ درووستكردنی ئه‌و چه‌كه پێشكه‌ش به داروده‌سته‌كه‌ی ئه‌سه‌د ده‌كات".
ساكت راشیگه‌یاند: ئه‌و به‌ڵگه و سیمپڵی ته‌واوی له فه‌یله‌قی شه‌شی سوپای سووریای به‌ده‌ست گه‌یشتووه، كه پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه، رژێمی دیمه‌شق بڕێكی زۆر له چه‌كی كیمیایی و قه‌ده‌غه‌كراوی هه‌یه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته میدیاییه‌كان و رێكخراوه جیهانییه‌كان له حه‌فتی ئه‌م مانگه، رژێمی سووریا شاری دۆمای له غوته‌ی رۆژهه‌ڵاتی دیمه‌شق به چه‌كی كیمیایی بۆردومانكرد و، به‌و هۆیه‌وه ده‌یان كه‌س بوونه قوربانی، له‌كاتێكیشدا كه رژێمی ئه‌سه‌د ئه‌و تۆمه‌ته ره‌ت ده‌كاته‌وه، ئێستا تیمێكی لێكۆڵه‌رانی رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی راستییه‌كان، له‌شوێنی بۆردومانه‌كان سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌داوێكن.
H.B