داعش هه‌ڕه‌شه‌ی ھێرشكردنه سه‌ر بنكه‌كانی ده‌نگدان ده‌كات
ئه‌بو حه‌سه‌ن موهاجر: ئه‌وه‌ی به‌شدار بێت ده‌بێت بكوژرێ
K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی توندڕه‌وی داعش هه‌ڕه‌شه‌ی تێكدان و شێواندنی كه‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق و هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌كانی ده‌نگدان ده‌كات، كه بڕیاره رۆژی 12/5/2018 ئه‌نجام بدرێت.
ئه‌بو حه‌سه‌ن موهاجر، كه وه‌ك گوته‌بێژی داعش رۆژی یه‌كشه‌ممه په‌یامێكی ده‌نگی بڵاوكردووه‌ته‌وه، هه‌ڕه‌شه ده‌كات و ده‌ڵێت: "هه‌ر كاندید و ده‌نگده‌رێك یان ئه‌وانه‌ی پاڵپشتی ده‌كه‌ن به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بكه‌ن (كافرن و ده‌بێت بكوژرێن). هه‌رچه‌نده ھێشتا پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه ئه‌و په‌یامه ده‌نگییه كه له تۆڕی ئینته‌رنێت بڵاوكراوه‌ته‌وه گوزارشت له سه‌ركردایه‌تی داعش ده‌كات یان نا.
یه‌كه‌مجاریش نییه داعش هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان بیر ده‌كه‌نه‌وه به "كافر" ناوببن و حوكمی كوشتن‌یان بۆ بده‌ن یان بۆ ده‌ربكه‌ن، به‌ڵام مه‌ترسی داعش له‌سه‌ر چه‌ندین ناوچه‌ی عێراق ھێشتا كۆتایی نه‌هاتووه‌و ماوه‌یه‌كه ده‌ستیان به چالاكی كردووه‌ته‌وه‌و ئه‌گه‌ری هه‌یه له‌و شوێنانه‌ی شانه پاشماوه‌ی چه‌كداران و شانه نوستووه‌كانیان ده‌توانن چالاكبن ببنه‌وه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كان.