مه‌لا به‌ختيار: شيعه‌كان به پشتيوانى ئێران گه‌ڕانه‌وه كه‌ركووك
پێش داگيركردنى كه‌ركووكيش شيعه‌كان ده‌يانوت مادده‌ى 140 كۆتايهاتووه
K24 – هه‌ولێر:
له يه‌كه‌م ديبه‌يتى سه‌نته‌رى توێژينه‌وه و راپرسى دامه‌زراوه‌ى كوردستان24، مه‌لا به‌ختيار، كه يه‌كێك بوو له قسهكهرانى ديبه‌يته‌كه رايگه‌ياند، شيعه‌كان به پشتيوانى ئێران گه‌ڕانه‌وه كه‌ركووك و پێش داگيركردنى كه‌ركووكيش شيعه‌كان ده‌يانوت مادده‌ى 140 كۆتايهاتووه.
ئێمه نهتهوهيهكين داگير و دابهشكراووين و كێشه‌ى نه‌ته‌وه‌يى ته‌نيا له سيستمى ديموكراتى چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. پرسيارى گرنگ ئه‌وه‌يه ئايا عێراق ده‌توانێت ببێت به ده‌وڵه‌تێكى ديموكراتى مۆدێرن.. ئه‌گه‌ر ده‌توانێت ئه‌وه كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر نه‌توانێت، ئه‌وا ئێمه له سه‌ر بنه‌ماى هاوسه‌نگى هێز له عێراق ماوينه‌ته‌وه.
گوتيشى: "كاتێك شيعه ده‌سه‌ڵاتى گرته ده‌ست، تێزهكانيان بۆ حوكمڕانى گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا هات و هاتنه سه‌ر ئه‌وه‌ى به زۆرينه و كه‌مينه حوكمى عێراق بكه‌ن".
هه‌روه‌ها گوتى: "دوو ساڵ پێش ئێستا له كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكى كوتله‌كان له سه‌رۆكايه‌تى كۆمار، ئيبراهيم جه‌عفه‌رى به روونى گوتى مادده‌ى سه‌د و چل كۆتايهاتووه و بير‌ى لێ مه‌كه‌نه‌وه. ئه‌و كاته من و هۆشيار زێبارى و شۆڕش حاجى وه‌ڵاممان دايه‌وه".
روونيشيكرده‌وه، له عێراقدا رۆڵى سوننه‌كان په‌راوێزخراوه و شيعه‌كان به پشتيوانى كۆمارى ئيسلامى ئێران گه‌ڕانه‌وه كه‌ركووك و داگيريان كرد.
مه‌لا به‌ختيار جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، "تێزى زۆرينه و كه‌مينه مايه‌ى نيگه‌رانييه و ئه‌گه‌ر شيعه‌كان به‌و ئاراستهيهدا بڕۆن ئه‌وه مايه‌ى نيگه‌رانى زۆرى ئێمه‌يه".
ئ.ر