ھەڵەبجە دەبێتە مەیدانی بانگەشە

"بەغدا "مامەڵەی بەغدا لەگەڵ ھەڵەبجە دووفاقییە"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/5e6aa5c3-f311-4093-95c3-3d00d0b41a6f/042818GMX.ism/manifest

K24 - ھەڵەبجە

ھاووڵاتییانی پارێزگای ھەڵەبجە تاڕادەیەك بێ ئومێد بوون لە بەڵێنی بەشێك لە کاندیدەكانی ھێزە سیاسیەکان، بۆ خزمەتکردنی شارەکەیان و ئەوان دەڵێن، لە رابردوودا لە بەغدا کارێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە تا ھیوایان بە داھاتووی دەسەڵاتكەی ھەبێت. لەگەڵ نزیكبوونەوەش لە ھەڵبژاردنەكان زۆر لە كاندید و كەسە سیاسییەكان روودەكەنە ئەو شارە.

پارێزگای ھەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی بووەتە شوناسی ناساندنی ئەو ستەمکارییانەی کە بەرامبەر بە کورد کراون، لە ھەڵبژاردنەکانیشدا بووەتە جێگایەکی باش بۆ دەنگ کۆکردنەوەی کاندیدی ھێزەکان، بەڵام لە چاو ئەو کارەساتانەی بەسەریدا ھاتووە، ھەڵەبجە خزمەتێکی ئەوتۆی نەکراوە، بۆ ئەم ھەڵبژاردنەش بەغدا جۆرێك لە دووفاقی مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، بۆنموونە لەلایەك فەرمانی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی بۆ دەردەکات، لەولاشەوە وەك پارێزگایەك بۆ ھەڵبژاردنەکان مامەڵەی لەگەڵ ناکات و بودجەی بۆ دابین ناکات.

كارزان ھەورامی، کاندیدی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەوەی بەغدا بەرامبەر ھەڵەبجە دەیكات دووفاقییە، ئەگەر حكوومەتی عێراق نیازی باشبوایە بەرامبەر ھەڵەبجە، دەبوایە وەك پارێزگا لەناو لیستی ھەڵبژاردنەكان دیاركرابووایە، ھەروەھا ئەو ھەنگاوانەی كە بەغدا بەناوی قەرەبووكردنەوەی شاری ھەڵەبجە ناویەتی جگە لە موزایەدە ھیچی دیكە نین".

کاندیدێکی ھاوپەیمانیش کە پێشتر قائیمقامی شارەکە بووە رەخنە لە ئیدارەی ئێستای پارێزگاکە دەگرێت، بۆچونیشی وایە کە لەچەند ساڵی رابردوودا بەشێك لە پەرلەمانتاران بۆ بەرژەوەندی شەخسی کاریان کردوە، نەبوونی یەکڕیزیش ھۆکاری سەرەکی خزمەت نەکردنی ھەڵەبجە بووە.

ئەرکان حەسەن، کاندیدی ھاوپەیمانی بۆ پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "كاری ئێمە ئەوەیە كورد لە بەغدا یەك دەنگ بێت و موزایەدەی سیاسی بەسەر یەكەوە نەكەین، بە گفتوگۆكردن لەگەڵ لیستەكانی دیكەی عێراق دەتوانین ھەنگاوی باش بنێین و پرسی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بچەسپێنین".

ھاووڵاتییانی ھەڵەبجە رایدەگەیەنن، ھەرکاتێك ھەڵبژاردنەکان نزیك دەبنەوە، بەڵێنی گەورەیان پێدەدرێت، لەوە تێگەشتون بەشێك لەو بەڵێنانەی کە ھەندێك کاندید پێیان دەدەن خودی کاندیدەکانیش دەزانن پێیان جێیبەجێ ناکرێت، بۆیە تاڕادەیەك بێ ئومێدبوون لە بەڵێنی بەشێك لە کاندیدەکانی ئێستا.

ئومێد عەلی، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی ھەڵەبجەیە بە كوردستان24 گوت: "تائێستا ھیچ كەس و لایەنێك ئاوڕی جیدی لە كەسوكاری شەھیدان نەداوەتەوە، داوا دەكەین ئەو كاندیدانەی دەچنە بەغدا كار بكەن بۆ ئاوڕدانەوە لە خەڵكی ھەڵەبجە، ئەو شارە كارەساتی زۆری بەسەر ھاتووە ناكرێ قوربانیانی ھیچ كارەساتێك لە یاد بكرێن".

ھەرچەندە بە بڕیارێکی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ئاست ئەو قوربانیانەی کە داویەتی ھەڵەبجە کرایە پارێزگا، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە لە پەرلەمانی عێراق و تەنانەت لەلای حکوومەتی عێراقیش نەبووەتە فەرمی و دانی پێدا نەنراوە، کە ئەوەش درێژکردنەوەی ئەو ستەمانەی بەغدایە بەرامبەر بە ھەڵەبجە.

ھ.م