ئێران: كوردانی سووریا ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌رده‌كه‌ن
نوێنه‌ری هۆزه كوردییه‌كانی سووریا سه‌ردانی تاران ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، راوێژكاری رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، "هۆزه كورده‌كانی سووریا" له دژی ئه‌مه‌ریكا ده‌جه‌نگن و هه‌ر ئه‌وانیش له رۆژهه‌ڵاتی فورات، تاكو باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا له ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا رزگار ده‌كه‌ن.
وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم بڵاویكردووه‌ته‌وه، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی له میانی كۆبوونه‌وه‌یدا، له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سه‌رۆك هۆزه‌كانی سووریا له تاران گوتی: "هۆزه كورده‌كانی سووریا له دژی ئه‌مه‌ریكا و زایۆنییه‌كان ده‌جه‌نگن و له رۆژهه‌ڵاتی فورات وه‌ده‌ریان ده‌نێنن.. تاران دڵنیایه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان عاقڵ نه‌بن و سووریا جێنه‌هێڵن، كورده‌كان ده‌ریان ده‌كه‌ن".
ویلایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شاندی كورد به "بنیاتنه‌ر" وه‌سفكرد و رایگه‌یاندووه، سه‌ردانی كوردی سووریا بۆ تاران، وه‌ڵامێكی كه‌مه‌رشكێنه بۆ ئه‌و بانگه‌شانه‌ی واشنتن به‌وه‌ی گوایه له رۆژهه‌ڵاتی سووریا شانبه‌شانی كورده.
گوتیشی: "هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه، نهێنی سه‌ركه‌وتنی گه‌لی سووریا خۆی له سه‌روه‌ری و یه‌كگرتوویی نیشتمانی نێوان پێكهاته و ئایینزا جیاوازه‌كان ده‌بینێته‌وه له‌و وڵاته".
ویلایه‌تی ده‌شڵێت: "پێكهاته جیاوازه‌كان، به كورد و عه‌ره‌ب و په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كانی دیكه‌ش، هاوشانی یه‌ك له دژی دوژمنه بیانییه‌كان ده‌جه‌نگن، بۆیه تا ئێستاش هه‌ر سه‌ركه‌وتوون".
لاى خۆیه‌وه، نوێنه‌ری هۆزه كوردییه‌كانی سووریا، هه‌ڵوێستی ئێرانی به‌رامبه‌ر به كورد به‌رز نرخاند كه هاوشانی گه‌لی سووریا بووه له شه‌ڕی دژ به تیرۆر، جه‌ختیشی كردوووه‌ته‌وه ریشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانییان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می شۆڕشی ئیسلامی.
ا. م