ئیسرائیل چۆنیه‌تی به‌ده‌ستخستنی به‌ڵگه‌نامه ئێرانییه‌كان ئاشكرا ده‌كات
له‌ماوه‌ی ته‌نیا شه‌وێكدا ده‌زگای هه‌واڵگه‌ری ئیسرائیل توانیویه‌تی بچێته ناو خاكی ئێران و بگه‌ڕێته‌وه ئیسرائیل به‌بێ ئه‌وه‌ی تاران دركی پێ بكات
K24- هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی پله باڵای ئیسرائیل كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، به رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی راگه‌یاندووه، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی به‌ر له دوو رۆژ له‌لایه‌ن بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیله‌وه له‌باره‌ی پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران ئاشكراكران، له مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ به‌ده‌ست ده‌زگای هه‌واڵگه‌ری ئیسرائیل "موساد" گه‌یشتوون.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌رپرسه ئیسرائیلییه‌كه بۆ رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمزی ئاشكراكردووه، "دوای ئه‌وه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگه‌ری ئیسرائیل "موساد" زانیاری له‌باره‌ی شوێنی نهێنی شاردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانی به‌ده‌ست گه‌یشت، له‌ماوه‌ی ته‌نیا شه‌وێكدا له مانگی كانوونی دووه‌می رابردوو، ئه‌ندامانی موساد توانیویانه خۆیان بگه‌یه‌ننه ناو بینایه‌كه له‌ناو خاكی ئێران، دوای كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه و گرتنی چه‌ند وێنه و گرته‌یه‌ك، له هه‌مان شه‌ودا ئێرانیان جێهێشتووه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئیسرائیل".
وه‌ك ئه‌و به‌رپرسه ئیسرائیلییه ئاماژه‌ی پێكردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان به زمانی فارسی بوون، لێكۆڵینه‌وه‌كان ماوه‌یه‌كی درێژی خایاندووه، دوای 4 مانگ بۆ رای گشتی راگه‌یه‌ندراون.
یۆسی جۆحهن، سه‌رۆكی موساد له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ واشنتۆن له مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ، دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای له‌و به‌ڵگه‌نامانه ئاگاداركردۆته‌وه.
دوای راگه‌یاندنی به‌ڵگه‌كان له‌سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ناتانیاهۆوه، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا متمانهپێكردنی خۆیان به راستی و درووستی ئه‌و به‌ڵگانه راگه‌یاند.
به‌ر له دوو رۆژ، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنی گرافیكیدا ئاشكرایكرد، 55 هه‌زار به‌ڵگه كه له 183 په‌پكه "CD"ـدا تۆماركراوه، له‌سه‌ر پرۆگرامی ئه‌تۆمی ئێرانیان ده‌ستكه‌وتووه.
H.B