له ئیداره‌كه‌ی تره‌مپدا هه‌ر كه‌سه و بۆ خۆی قسه‌یه‌ك ده‌كات
پارێزه‌رێكی تره‌مپ له بری ئیداره‌ی ئه‌مریكا باسی رووخاندنی رژێمی ئێرانی كردووه

K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌باره‌ی لێدوانێكی رۆدۆڵف جیۆلیانی، پارێزه‌ری دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا روونكردنه‌وه ده‌دات و ده‌ڵێت: "جیۆلیانی سه‌رپشك نه‌كراوه له بری سه‌رۆك قسه بكات و لێدوان بدات و بڵێت كاری له پێشینه‌ی ئه‌مریكا رووخاندنی رژێمی ئێرانه".
ئاژانسی تاسی رووسی له زاری به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه بڵاویكردووه‌ته‌وه، رۆدۆڵف جیۆلیانی، كه له نێوان ساڵانی 1994 تا 2001 پارێزگاری شاری نیویۆرك بووه‌و ئێستا یه‌كێكه له پارێزه‌ره‌كانی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ، به‌ڵام بۆی نییه به‌ناوی ئیداره‌ی ئه‌مریكاوه قسه بكات، به‌تایبه‌تی له‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ستن به كاروباری ده‌ره‌وه".
ئه‌و دیپلۆماته ئه‌مریكییه له‌وباره‌یه‌وه گوتوویه‌تی: "گوته‌بێژی كۆشكی سپی ساره ساندهرزهو جیۆلیانی بۆی نییه له‌باره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه یان هه‌ر پرسێكی دیكه‌ی سیاسی له بری ئیداره‌ی ئه‌مریكا لێدوان بدات.
به‌گوێره‌ی ئاژانسه رووسییه‌كه، كۆشكی سپی نه‌یویستووه هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر لێدوانی پارێزه‌ره‌كه‌ی تره‌مپ بكات كه باسی ئێرانی كردووه‌و وه‌ڵامی ئاژانسهكهشیان نه‌داوه‌ته‌وه".
به‌ڵام ئاژانسه‌كه فسه‌ی به‌رپرسانی ئیداره‌ی سه‌رۆك تره‌مپی بیرهێناوه‌ته‌وه كه ساڵی 2017 گوتبوویان: "واشنتن هه‌وڵ ده‌دات هه‌ڵسوكه‌وتی رژێمی ئێران بگۆڕێت".
له كاتێكدا دۆناڵد تره‌مپ پێش هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، ئه‌مریكا ده‌ست له سیاسه‌تی رووخاندنی رژێم و حكومه‌ته‌كان هه‌ڵده‌گرێت.