سەرۆك بارزانی: خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بەردەوام دەبێت

"بە هەناسە و تینێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی"

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، لە پەیامێكدا بەبۆنەی 42مین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان رایگەیاند: "خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و تینێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی. ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەكانی تر".

لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "شۆڕشی گوڵان پەیامی خۆبەدەستەوەنەدانی گەلی كوردستان و هەستانەوەی شۆڕشی ڕزگاریخوازی بوو دژی ستەم و داگیركاری و دیكتاتۆری و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیشی بۆ لەناوبردنی شۆڕشی كورد لە گۆڕنا. ئەو شۆڕش درێژەپێدەری شۆڕشەكانی پێشوو و قۆناغێكی گرنگ بوو لەژووی خەباتی گەلەكەمان".

سەرۆك بارزانی رایدەگەیەنێت: "شۆڕشی گوڵان هەڵگری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان. ئەو شۆڕشە سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و تینێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی. ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەكانی تر".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین و هەروەها سڵاو لە خۆڕاگری و قارەمانەتیی پێشمەرگە كە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازیان بۆ گەلەكەیان بەدیهێناوە. لەو یادەدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە ئیرادەی گەلی كوردستان بەهێزە و سەرباری بوونی پیلانگێڕی، بەڵام بە ئیرادەیەكی بەرزتر لە جاران تێدەكۆشی بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی و بەردەوامی لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەوتنخوازی".

 

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی چل و دووهەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و هەموو تێكۆشەر و پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەو نیشتیمانپەروەرانە دەكەم كە ماندوویەتی و ئاوارەییان چێشتووە و قوربانیان داوە.

شۆڕشی گوڵان پەیامی خۆبەدەستەوەنەدانی گەلی كوردستان و هەستانەوەی شۆڕشی رزگاریخوازی بوو دژی ستەم و داگیركاری و دیكتاتۆری و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیشی بۆ لەناوبردنی شۆڕشی كورد لە گۆڕنا. ئەو شۆڕشە درێژەپێدەری شۆڕشەكانی پێشوو و قۆناغێكی گرنگ بوو لە مێژووی خەباتی گەلەكەمان.

شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و، یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان. ئەو شۆڕشە سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و تینێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی. ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەكانی تر.

لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین و هەروەها سڵاو لە خۆڕاگری و قارەمانەتیی پێشمەرگە كە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازیان بۆ گەلەكەیان بەدیهێناوە.

لەو یادەدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە ئیرادەی گەلی كوردستان بەهێزە و سەرباری بوونی پیلانگێڕی بەڵام بە ئیرادەیەكی بەرزتر لە جاران تێدەكۆشی بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی و بەردەوامی لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەوتنخوازی.

مسعود بارزانی

26ـی 5ـی 2018