له نێوان برایه‌تی و زێره‌ڤانی كامه‌یان ده‌بێته پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان؟
هه‌ردوو یانه دوایین ئاماده‌كارییان بۆ یارییه چاره‌نوسسازه‌كه‌یان كرد
رۆژی سێشه‌ممه دوایین گه‌ڕی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت و ناسناوه‌كه‌ش له نێوان یانه‌كانی برایه‌تی و زێره‌ڤانی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه، به‌وپێیه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی 28 خاڵن و زێره‌ڤانی به جیاوازی گۆڵ پێشه‌نگی گرتووه.
برایه‌تی ـ نه‌ورۆز
برایه‌تی بۆ دۆزینه‌وه‌ی تروسكایه‌ك له بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه رووده‌كاته شاری سلێمانی و رووبه‌ڕووی یانه‌ی نه‌ورۆز ده‌بێته‌وه، برایه‌تی 18 گۆڵی هه‌یه و 11 گۆڵی لێكراوه.
برایه‌تی بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه ده‌بێت چاوه‌ڕێی شكست یان یه‌كسانبوونێكی زێره‌ڤانی بكات، یانیش به جیاوازی گۆڵ له ریزبه‌ندی گشتی پێش زێره‌ڤانی بكه‌وێت كه ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ك ئه‌سته‌مه، چونكه له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی زێره‌ڤانی له یارییه‌كه‌ی خۆی، ده‌بێت برایه‌تی به جیاوازی 5 گۆڵ له نه‌ورۆز بباته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی نه‌ورۆزیش به 15 خاڵ له خانه‌ی پێشكۆتایی دێت، ئه‌گه‌رچی ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه هیچ یانه‌یه‌ك دانه‌به‌زێت، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری شكستی له‌و یارییه چاره‌نووسی ده‌كه‌وێته مه‌ترسی.
زێره‌ڤانی ـ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر
ئه‌م یارییه بۆ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر نرخێكی ئه‌وتۆی نییه، به‌ڵام بۆ زێره‌ڤانی یارییه‌كی چاره‌نووسسازه، به‌وپێیه‌ی له بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه زۆر نزیكه.
زێره‌ڤانی له 15 یاری، 8 بردنه‌وه، 3 شكست و 4 یه‌كسانبوونی هه‌یه و 28 خاڵی كۆكردۆته‌وه، 22 گۆڵی هه‌یه و 11 گۆڵی لێكراوه و به جیاواز گۆڵ له‌گه‌ڵ برایه‌تی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی گرتووه.
زێره‌ڤانی بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه، ده‌بێت چاوه‌رێی شكست و یه‌كسانبوونی برایه‌تی بكات، ئه‌گه‌رهات و هه‌ردوویانه‌ش له دوایین گه‌ڕی ئه‌م وه‌رزه سه‌ركه‌وتنیان به‌رامبه‌ر یانه‌كانی نه‌ورۆز و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به‌ده‌ستهێنا، ئه‌وا بۆ پشتبه‌ستن به یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه جیاوازی گۆڵه‌كانیان له‌م وه‌رزه ده‌كه‌نه پێوه‌ر و ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی زێره‌ڤانی دایه چونكه 4 گۆڵی زیاتری له برایه‌تی تۆمار كردووه.
زێره‌ڤانی چاره‌نووسی خۆی له‌ده‌ستی خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر له پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر بباته‌وه به رێژه‌یه‌كی زۆر ده‌بێته خاوه‌نی چواره‌مین ناسناوی خوله‌كه له مێژوویدا.
یارییه‌كانی دیكه
سێشه‌ممه دوو یاری دیكه‌ش له دوایین گه‌ڕی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان له كاتژمێر 4:00ـی ئێواره به‌ڕێوه ده‌چین، هه‌ندرێن به كۆمه‌ڵێك كێشه‌وه بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی شێروانه گه‌شتی گه‌رمیان ده‌كات، له یارییه‌كی دیكه‌یشدا به‌رزاییه‌كانی پیرمام یاری ئارارات و هه‌ولێر له خۆ ده‌گرێت.
خولی نایابی كوردستانی ئه‌م وه‌رزه به به‌شداریی 9 یانه به‌ڕێوه ده‌چێت، یانه‌كانی هه‌ولێر و زێره‌ڤانی هه‌ریه‌كه‌یان 3 ناسناویان بردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر زێره‌ڤانی ئه‌م وه‌رزه ببێته پاڵه‌وان ده‌بێته یه‌كه‌م یانه له مێژووی خوله‌كه‌دا كه 4 جار ناسناوه‌كه به‌ده‌ستبێنێت.