به فه‌رمی زێره‌ڤانی بووه پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان
زێره‌ڤانی له مێژووی خولی نایابی كوردستان ریكۆردی تۆمار كرد
یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان كۆتایی هات و زێره‌ڤانی بۆ چواره‌مجار بووه پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه، به گوێره‌ی رێنماییه‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بێت به فه‌رمی شێروانه بۆ خولی پله‌یه‌ك دابه‌زی.
زێره‌ڤانی ـ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر
زێره‌ڤانی یارییه چاره‌نووسازه‌كه‌ی له نێو یاریگه‌ی خۆی و له‌به‌رده‌م هانده‌رانی كرد، كه تێیدا به بردنه‌وه‌ی له پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ناسناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلا كرده‌وه.
سه‌ره‌تا تیاگۆ ئامارال مه‌كینه‌ی گۆڵكردنی زێره‌زڤانی له خوله‌كی 10 یانه‌كه‌ی به گۆڵێك پێشخست و ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له‌م وه‌رزه گه‌یانده 11 گۆڵ.
دواتر له خوله‌كی 16 زێره‌ڤانی له رێگه‌ی یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كه‌ی دیمكه‌ی كارلۆس ئیدواردۆ گۆڵی دووه‌می زیاد كرد، گێمی یه‌كه‌میش به 2 گۆڵی بێوه‌ڵام له به‌رژه‌وه‌ندی زێره‌ڤانی كۆتایی هات.
له گێمی دووه‌م پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له رێگه‌ی بارزان حه‌یده‌ر جیاوازییه‌كه‌ی كه‌م كرده‌وه.
دواتر زێره‌ڤانی له رێگه‌ی 2 یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كه‌ی به دوو گۆڵی له‌سه‌ریه‌ك وه‌ڵامی ئه‌و تاكه گۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌یان دایه‌وه.
سه‌ره‌تا تیاگۆ ئامارالی به‌رازیلی جارێكی دیكه گه‌ڕایه‌وه و گۆڵی سێیه‌می بۆ زێره‌ڤانی كرد، پاشان كارلۆس ئیدواردۆ به تۆماركردنی گۆڵی چواره‌م هه‌موو شتێكی یه‌كلاكرده‌وه و ناسناوی ئه‌م وه‌رزه‌یان مسۆگه‌ر كرد.
زێره‌ڤانی به‌م بردنه‌وه‌یه به 31 خاڵ بووه پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان و بووه یه‌كه‌م یانه كه چوارجار ده‌بێته پاڵه‌وانی خوله‌كه.
شێروانه ـ هه‌ندرێن
ئه‌م یارییه له شارۆچكه‌ی كه‌لار به‌ڕێوه چوو، شێروانه سه‌ره‌ڕای بردنه‌وه‌ی له‌و یارییه، به‌ڵام به گوێره‌ی ڕینماییه‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بۆ خولی پله‌یه‌ك دابه‌زی.
له خوله‌كی 28 هێمن رزگار گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ شێروانه تۆمار كرد، گێمی یه‌كه‌م به‌م تاكه گۆڵه له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه گه‌رمیانییه‌كه كۆتایی هات.
له خوله‌كی 57ـی گێمی دووه‌م هه‌ندرێن له رێگه‌ی هه‌ڵگۆرد خالیدی به‌رگریكاری ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه.
دواتر له خوله‌كی 80 بیلال ساڵح له رێگه‌ی لێدانی پێناڵتی گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ شێروانه تۆمار كرد و 3 خاڵی یارییه‌كه مسۆگه‌ر كرد.
نه‌ورۆز ـ برایه‌تی
برایه‌تی یارییه چاره‌نووسسازه‌كه‌ی له شاری سلێمانی به‌رامبه‌ر نه‌ورۆز ئه‌نجام دا، له گێمی یه‌كه‌م هیچ لایه‌ك نه‌یتوانی تۆڕی یه‌كتر بهه‌ژێنن، به‌ڵام له گێمی دووه‌م برایه‌تی لێدانێكی پێناڵتی بۆ هه‌ژمار كرا، به‌ڵام هه‌ورامان رزگاری گۆڵپارێزی برایه‌تی لێدانه‌كه‌ی له‌ده‌ست دا.
دواتر له كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه، فیكه‌ی لێدانێكی دیكه‌ی پێناڵتی لێدا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی نه‌ورۆز و لێدانه‌كه‌ش دیلان سۆران به‌سه‌ركه‌وتوویی جێبه‌جێ كرد
به‌م ئه‌نجامه‌ش نه‌ورۆز به گۆڵێكی بێوه‌ڵام له برایه‌تی میوانی برده‌وه و مانه‌وه‌ی له خولی نایابی كوردستان مسۆگه‌ر كرد.
ئارارات ـ هه‌ولێر
ئه‌م یارییه له پیرمام به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ش هیچی له چاره‌نووسی ئه‌م دوویانه‌یه له‌م وه‌رزه نه‌گۆڕێ.