ئه‌مه‌ریكا ئێف 35 به توركیا نادات و ئه‌نقه‌ره‌ش هه‌ڕه‌شه ده‌كات
هۆكاره‌كانی راگرتنی ئه‌و گرێبه‌سته ئاشكرا ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
له ئەگەری په‌شیمانبوونه‌وه‌ی ئەمریکا لە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35 به توركیا، ئه‌نقه‌ره به نیازه رووبكاته وڵاتێكی دیكه.
ساڵی رابردوو پێنتاگۆن بڕیاریدا کە 50 فڕۆکەی ئێف-35 بفرۆشێت و ئەنقەرەش یەکێک بوو لە وڵاتانی ڕێگەپێدراو، بەڵام بەهۆی هەوڵی کڕینی سیستەمی دژەمووشەکی ئێس-400ی رووسی و زیندانیکرنی قەشەیەکی ئەمریکی لە تورکیا بە تاوانی تیرۆر، ئەمریکا لەو بڕیارەی پەشیمان بووه‌تەوە.
لێژنه‌ی به‌رگری ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئەمریکا، لە پڕۆژە یاسای ئەمساڵیاندا، تورکیایان لە لیستی ئەو وڵاتانە هێناوه‌ته‌وه ده‌ره‌وه، کە دەتوانن ئەو جۆرە فڕۆکە پێشکەوتووە بکڕن.
مه‌ولوود چاوشئۆغلو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤزیۆنی ئێن تی ڤی، گوتی:" کاری سەرەتایی و رێکكەوتننامەی لێکتێگەشتن لەبارەی ئەو پڕۆژەیە تەواو بووە، ئەمە تەنها کڕینی شتێک نییە، بەڵکو بەرهەمێکی هاوبەشە".
چاوشئۆغلو گوتیشی: "ئەگەر ئەمه‌ریکا لەم رێکكەوتنە پەشیمان بێتەوە، تورکیا روودەکاتە جێگەیەکی دیكه".
ئه‌و قەشە ئه‌مه‌ریكییه بەتۆمەتی کاری تیرۆرستی لە دوای کودەتاکەی ته‌ممووزی 2016ی تورکیا، ده‌ستگیركراوه، دادگاكانی توركیا سزای 35 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە، ئەمەش یه‌كێك بووه له‌و پرسانه‌ی كێشه‌یان بۆ هەوڵی کڕینی 100 فڕۆکەی ئێف-35ی ئەمریکی درووستكردووه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش بڕیار بوو توركیا به به ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك ئه‌و 100 فڕۆكه‌یه له ئه‌مه‌ریكا وه‌ربگرێت، به‌و پێیه‌ی ساڵانه چه‌ند دانه‌یه‌كی دیاریكراو درووست ده‌كات، ئه‌و فڕۆكه‌یه‌كی به‌رهه‌مێكی هاوبه‌شه و توركیا به‌شداری له درووستكردنیدا ده‌كات.