ستراتفۆر: پێشبینی ده‌كرێت جه‌نگه گه‌وره‌كه له نێوان ئه‌م سێ وڵاته هه‌ڵبگیرسێت
ئه‌و سێ وڵاته به‌شداری له جه‌نگه گه‌وره‌كه ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
وێبسایتی ستراتفۆر بڵاویكردووه‌ته‌وه، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌ر ئاستی جیهان، دووچاری چه‌ند ئاسته‌نگێك بووه‌ته كه ناچاری ده‌كه‌ن دووباره هێزه‌كانی بڵاوه پێبكات، به تایبه‌تیش ئه‌وروپا، له چوارچێوه‌ی ئه‌و جه‌نگه پێشبینیكراوه‌ی ده‌كرێت هه‌ڵبگیرسێت، كه رووسیا و چینیش ده‌بنه به‌شێك له‌و جه‌نگه.
"ستراتفۆر" كه دامه‌زراوه‌یه‌كی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكییه، له وێبسایتی فه‌رمی خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت گۆڕانكاری له ستراتیژییه‌تی دابه‌شبوون و جێگیربوونی هێزه‌كانی بكات له‌سه‌ر ئاستی جیهان، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له بوونی خۆی بكات و بتوانێت به‌ره‌نگاری هه‌ژموونی سه‌ربازی رووسیا و چین ببێته‌وه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ی پێشبینی هه‌ڵگیرسانی ده‌كرێت.
به گوێره‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه، بۆ به‌ده‌ستهینانی ئه‌و ئامانجه، واشنتن ناچاره دووباره چاو به كاره له پێشینه‌كانی خۆیدا بخشێنێته‌وه، به‌تایبه‌تیش له‌و ناوچانه‌ی هێزه‌كانی تێدا بڵاوكردووه، به‌تایبه‌تتریش له ئه‌وروپا و زه‌ریای هێمن، وه‌ك وێبسایته‌كه‌ی ئاماژه‌ی بۆ كردووه، ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات هێزه‌كانی له‌و شوێنانه كۆبكاته‌وه كه پارێزگاری له پێگه به هێزه‌كه‌ی ده‌كه‌ن له‌و ململانێ و پاوانخوازییه‌ی ئێستا له نیوان زلهێزانی جیهاندا هه‌یه.
وێبسایتی ئه‌و دامه‌زراوه ئه‌مه‌ریكییه، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له دوای رووخانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، ئه‌مه‌ریكا به ئاراسته‌ی له‌ناوبردنی تیرۆر شه‌ڕ ده‌كات و له ساڵی 2001یش كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وژمه، گه‌یشته لووتكه، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ له چه‌ند وڵاتێكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا، له‌و پێناوه‌شدا قه‌باره‌ی هێزه‌كانی خۆی له‌و ناوچانه زیاد كرد، له به‌رامبه‌ریشدا، هێزه‌كانی له ئه‌وروپا كه‌مكرده‌وه.
به گوێره‌ی وێبسایته‌كه، قه‌باره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌وروپا، له ساڵی 1988 زیاتر له 350 هه‌زار سه‌ربازبوو، به‌ڵام دوای كه‌متر له سێ ده‌یه، ئه‌و ژماره‌یه دابه‌زی و ئێستا ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له‌و كیشوه‌ره نزیكه‌ی 50 هه‌زاره.
به گوێره‌ی ئه‌و وێبسایته، جێگربوونی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌ر سێ وڵاتی ئه‌وروپی چڕبووه‌ته‌وه، ئه‌وانیش ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا و توركیان، زۆرترین ژماره‌شیان له ئه‌ڵمانیایه.
ستراتفۆرد ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، به هه‌مان شێوه ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له به‌ریتانیاش كه‌مبووه‌ته‌وه، پێشتر نزیكه‌ی 30 هه‌زار سه‌ربازی له‌م وڵاته بوو، به‌ڵام ئێستا ژماره‌كه زۆر كه‌متره، به هه‌مان شێوه له توركیا به جۆرێك كه‌مبووه‌ته‌وه، ئێستا خۆی له چه‌ند هه‌زارێك ده‌دات.
ا. م