ئۆزگور ئۆزەل: قبووڵی ناکەین سەربازەکانمان بخرێنە ژێر فەرمانی ترەمپ
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) رەخنەی توند لە هەوڵەکانی ناردنی سەرباز بۆ یەمەن دەگرێت و رایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەن ببنە بەشێک لە سیستەمی ترەمپ و دوای 100 ساڵ جارێکی دیکە سەربازەکانیان رەوانەی بیابانەکانی یەمەن بکرێنەوە.
ئۆزگور ئۆزەل لەبارەی بڕیاری ناردنی سەرباز بۆ یەمەن رایگەیاند "ئێستا پێکەوە دەبنە لایەنگری شەڕی سعوودیە لە دژی یەمەن؛ وەزیرانی دەرەوە و بەرگری لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپا چوونەتە ئەوێ و بڕیاری جێگیرکردنی سەربازیان داوە."
سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە پێشێلکردنی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانە و گوتی "هێشتا لە گۆڕەپانەکەدا هیچ رێککەوتنێکی رێککوپێک و هیچ پڕۆژەیاسایەک نییە، تەنانەت پەرلەمان بڕیاری لەسەر نەداوە، کەچی ئەوان بڕیاری ناردنی سەربازیان داوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە یاساکانی ئێمە بە روونی دەڵێن تەنیا پەرلەمان دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری ناردنی سەربازی بۆ دەرەوە هەیە."
ئۆزگور ئۆزەل باسی لەوەش کرد "ئێمە بە هیچ جۆرێک قبووڵی ناکەین ببینە بەشێک لە سیستەمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ترەمپ، دوای سەد ساڵ لە مێژوو، ناتوانین رێگە بدەین جارێکی دیکە سەربازەکانمان بەرەو بیابانەکانی یەمەن رەوانە بکرێنەوە و بە تەواوی رەتی دەکەینەوە ببینە سەرباز لەژێر فەرمانی ترەمپدا."