سیپان شێروانی: پێویستە بانکی ناوەندیی عێراق لە بڕیاردان سەربەخۆ بێت
"جێگیرکردنی دۆلار بە 150 هەزار دینار بازاڕی شێواندووە"
پەرلەمانتارێکی عێراق، هۆشداریی دا لەوەی، بڕیاری جێگیرکردنی نرخی 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار لە بودجەی 2027 لە ئێستاوە شۆکی ئابووریی لە بازاڕدا دروست کردووە. هاوکاترەخنەی توندی لە بەکارهێنانی سیاسەتی نەختینەیی و یەدەگی بانکی ناوەندی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی گرت و بە بڕیارێکی وێرانکەر بۆ ئابووریی وڵاتی لە قەڵەم دا.
سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24ـدا، تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی سیاسەتی نەختینەیی و لێکەوتەکانی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027، هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان و دۆسیەکانی نەوت و داهاتی نانەوتیی شی کردەوە.
شێروانی باسی لە دۆخی بازاڕ کرد و گوتی: "لە تیۆری داراییدا چەمکێک هەیە کە دەڵێت شۆکی ئابووری بەر لە روودانی بڕیارەکان دەردەکەوێت؛ کاتێک هەواڵێک بڵاو دەبێتەوە، کاریگەرییەکانی دەستبەجێ دەردەکەون. ئەمە لە بەهای دۆلاردا بە روونی رووی دا؛ پێش ئەوەی حکوومەت نرخی 100 دۆلار لە بودجەی 2027 بە 150 هەزار دینار جێگیر بکات، لە ئێستاوە نرخەکان لە بازاڕەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و بەرزبووەتەوە، لە کاتی پەسەندکردنی بودجەشدا لێکەوتە نەرێنییەکان زیاتر دەبن".
هاوکات روونی کردەوە، ئەگەر لە بودجەی 2027ـدا نرخی 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار جێگیر بکرێت، داهاتی حکوومەتی فیدراڵ بە بڕی 19 ترلیۆن دینار زیاد دەکات، بەڵام ئەگەر بە 132 هەزار دابنرێت، حکوومەت ئەو 19 ترلیۆنە لەدەست دەدات.
پەرلەمانتارەکەی عێراق هۆشداریی توندی دا سەبارەت بە دەستوەردان لە کاری دەسەڵاتی نەختینەیی و گوتی: "دەبێت بە هەموو شێوەیەک بانکی ناوەندی دەزگایەکی سەربەخۆ بێت لە بڕیارداندا؛ ناکرێت بە هیچ جۆرێک یەدەگی نەختینەییی بانکەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بەکاربهێنرێت. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت نەک تەنیا بەکارهێنانی یەدەگەکەیە، بەڵکوو بەکارهێنانی سیاسەتی دراو و بەهای دینارە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان. ئەمە لە روانگەی دارایییەوە بڕیارێکی یەکجار مەترسیدارە، چونکە ناکرێت لە ماوەی سێ ساڵدا سێ بەهای جیاواز بۆ دۆلار دابنرێت. بەردەوامبوون لەسەر ئەم شێوازە سەربەخۆییی بانکەکە لەناودەبات و ئابووریی وڵات وێران دەکات."
شێروانی، سەبارەت بە رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، ئاماژەی بەوە کرد، رەشنووسەکە بەر لەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت و بخرێتە دەنگدانەوە دەرفەتی هەموارکردنەوەی تێدایە، بەڵام هۆشداری دا، "ئەگەر لە بودجەی 2027ـدا هەمان ئەو بەندانەی یاسای بودجەی ساڵی 2023 دابنرێنەوە کە تایبەت بوون بە هەرێمی کوردستان، ئێمە دژی سەر لەبەری ئەو خاڵانە دەوەستینەوە، چونکە هیچ خێرێکی بۆ هەرێم تێدا نییە؛ لە راستیدا رەشنووسی نوێ لەبارەی هەرێمەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ یاسای پێشوو نییە."
روونیشی کردەوە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی بە 6% جێگیر کراوە، هەروەها بڕگەی "ئینفاقی فیعلی" لە رەشنووسەکەدا وەک فشارێک دژی هەرێم بەکار هێنراوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سیپان شێروانی ئاشکرای کرد، هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و، ئەگەر مافەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان گەرەنتی بکرێن، توانای ئەوە هەیە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
سەبارەت بە داهاتی نانەوتیش گوتی: "هەرێمی کوردستان هیچ لارییەکی نییە لەوەی 50%ـی داهاتەکە بەپێی یاسا و دەستوور رادەستی حکوومەتی عێراق بکات؛ بەڵام لایەنی فیدراڵ داوای تەواوی داهاتەکە (100%) دەکات و دەڵێت دواتر بەشەکەی ئێوەی لێ دەدەین! ئەم داواکارییە لەگەڵ هیچ پرەنسیپێکی دەستووری و یاساییدا ناگونجێت".
سیپان شێروانی رەخنەی، لە کەشی سیاسیی بەغدا گرت و گوتی: "عەقڵییەتێک لای هەندێک کەس لەو شارە هەیە کە هەمیشە لەگەڵ دروستکردنی کێشە و ئاستەنگدان بۆ سەرجەم بابەتەکان".