سەیروسەمەرەکانی مۆندیال.. مەعکەڕۆنی بووە هۆی ئەوەی ئیتالیا نازناوێکی مۆندیال بەدەست بهێنێت

سەیروسەمەرەکانی مۆندیال.. مەعکەڕۆنی بووە هۆی ئەوەی ئیتالیا نازناوێکی مۆندیال بەدەست بهێنێت

لە مێژووی یارییەکانی مۆندیال کە 88 ساڵە بەردەوامە، کۆمەڵێک چیرۆکی سەیروسەمەرە هەن هەرکاتێک یارییەکانی مۆندیال نزیک دەبنەوە زیاتر دێنەوە بەرباس و بەرگوێ دەکەون، لە گۆشەی (سەیروسەمەرەکانی مۆندیال) بە سەرنجڕاکێشترین و دیاترین ئەو چیرۆکانەتان ئاشنا دەکەین کە لەوانەیە لە یەکەم بیستندا باوەڕ نەکرێن..

مەعکەڕۆنی بووە هۆی ئەوەی ئیتالیا نازناوێکی مۆندیال بەدەست بهێنێت

هەمیشە ئیتالیا پێچەوانەی پێشبینییەکان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال بەربژێر نەبووە، کەچئ لە کۆتاییدا بووەتە پاڵەوانی مۆندیالەکە، ئیتالیا پێش ئەوەی بەشداریی مۆندیالی 1982 بکات کە لە ئیسپانیا بەڕێوەچوو، دوو نازناوی مۆندیالی 1934 و 1938ی بەدەستهێنابوو، بە هیچ شێوەیەک بەربژێر نەبوو بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەو مۆندیالە، کەچی دوای چارەسەرکردنی کێشەی مەعکەڕۆنی ئازۆری لە یاریی کۆتایی لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 3-1 لە ئەڵمانیای رۆژئاوای بردەوە و سێیەم نازناوی زێڕینی بەدەستهێنا.

پێش ئەوەی دەست بە مۆندیالی 1982 بکەن، ئینزۆ بیرزۆتی راهێنەری ئەوکاتی ئیتالیا داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی کردبوو زۆرترین بڕی خواردنی مەعکەڕۆنی بۆ یاریزانەکانی ئامادە بکەن، بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو چەند رۆژێک پێش دەستپێکی مۆندیالەکە دەستەی گومرگی بارسێلۆنا رەتیکردەوە رێگا بە چوونە ژوورەوەی مەعکەڕۆنی بدات بۆ کەمپی مەشق و راهێنانی ئیتالیا، ئەمەش ئازۆری تووشی قەیرانێکی گەورە کرد، چونکە مەعکەڕۆنی خواردنی یاکەمی زۆربەی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە بوون.

ئینزۆ بیرزۆتی راهێنەر داوای لە فیدراسیۆنی وڵاتەکەی کردبوو بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، دوای هەوڵێکی زۆر فیدراسیۆنەکە توانیبووی چێشتلێنەرێکی ئیتالی لە ئیسپانیا بدۆزێتەوە کە کاری بازرگانی لە ناو گومرگەکانی ئیسپانیا دەکرد و ناوی لۆرێنی بوو، ئەو چێشتلێنەرە ئیتالییە توانی بڕی پێویست مەعکەڕۆنی بۆ یاریزانە ئیتالییەکان دابین بکات.

ئیتالیا لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەهۆی درەنگ گەیشتنی مەعکەڕۆنی هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێنا و لە هەر سێ یاریی یەکسان بوو، بە جیاوازیی گۆڵ بە پێش کامیڕۆن بۆ قۆناخی 16 سەرکەوت، بەڵام دواتر لە بڕازیل و ئارجێنتینای بردەوە و دوو سەرکەوتنی مێژوویی بەدەستهێنا، لە قۆناخی پێشکۆتاییش بە بردنەوەی لە پۆڵەندا خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی و لەوێش لە ئەڵمانیای رۆژئاوای بەربژێری سەرەکی مۆندیالەکەی بردەوە.