سه‌رۆك بارزانی و موئەیەد ئەللامی: پێویسته‌ رای گشتی عه‌ره‌بی له‌ ره‌وایه‌تی مافه‌كانی گه‌لی كورد تێبگات

له‌دیدارێكی نێوان سه‌رۆك بارزانی و نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی عێراق جه‌خت كرایه‌وه‌: پێویسته‌ چیتر ناكۆكی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌كرێته‌ هه‌وێنی دژایه‌تی له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراق

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مرۆ چوارشەممە لە دیدارێكی نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و موئەیەد ئەللامی، نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق له‌ سه‌ڵاحه‌دین، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق  و پێویستی لێكتێگەییشتنی گەلان و پێكهاتەكانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و ڕۆشناییش خرایە سەر قۆناغەكانی مێژوویی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسه‌ر ڕۆڵی دەزگەكانی ڕاگەیاندن لە بڵاوكردنەوەی كولتووری پێكەوەژیان و لەیەكتێگەییشتن كرایەوە و ئەوەیش خرایە ڕوو كە پێویستە ڕای گشتیی عەرەبی لە ڕاستی و ڕەوایەتیی داواكاریی و مافەكانی گەلی كوردستان بگات و چیتر هەوڵ نەدرێت كە ناكۆكیی سیاسیی نێوان هەرێم و بەغدا بكرێتە دژایەتی و دوژمنایەتی نێوان نەتەوەكان و هەروەها ڕۆڵی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیش لە ڕاستكردنەوەی ڕای گشتیی عەرەبی لەمەڕ گەلی كوردستان بە گرنگ لە قەڵەم درا.

ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە عێراق و مەترسییەكانی هزری تونده‌وی و تیرۆر چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ئەو دیدارە بوون.

H.B