بچووکترین یاریزانی مۆندیالی 2018 کوردە
دانیێل ئارزانی لە رووسیا درێسی هەڵبژاردەی ئوستڕالیا دەپۆشێت
گەنجترین یاریزانی مۆندیالی 2018 کوردە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە رووسیا لە ژێر ئاڵای ئوستڕالیا بەشداریی یارییەکانی مۆندیال دەکات.
دانیێل ئارزانی کە بە رەسەن خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام لە ئوستڕالیا لەدایکبووە و ساڵانێکی زۆرە ماڵباتەکەی ئێرانیان بەرەو ئوستڕالیا بەجێهێشتووە، ئارزانی کە لە یانەی مێلبۆرن سیتی ئوستڕالی یاریی دەکات، بانگهێشتی یارییەکانی مۆندیالی رووسیا کراوە و یەکێکە لەو 23 یاریزانەی بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی مۆندیالی رووسیا دەستنیشانکراون.
ئارزانی لە رێکەوتی 1999/01/04 لەدایکبووە، تەمەنی تەنیا 19 ساڵە و لە کۆی ئەو 736 یاریزانەی بەشداریی مۆندیال دەکەن، بچووکترین یاریزانە لە رووی تەمەنەوە.
ئارزانی پێشتر لە لاوانی یانەی سیدنی یاریی کردووە، بەڵام دواتر لە 2016 پەیوەندیی بە ریزەکانی مێلبۆرن سیتییەوە کردووە و تاکو ئێستا لەو یانەیە بەردەوامە، ئەم وەرزە لە 24 یاری توانی 2 گۆڵ بۆ یانەکەی تۆمار بکات. تاکو ئێستاش تەنیا یارییەکی نێودەوڵەتی بە درێسی ئوستڕالیا ئەنجام داوە.