ڤیدیۆ.. فیفا گۆرانی فەرمی مۆندیالی 2018ی بڵاوکردەوە

رۆناڵدینهۆش بەشداریی گۆرانییەکەی کردووە

ئەم گۆرانییە دەبێتە گۆرانی فەرمی مۆندیالی 2018 و بەفەرمی لەلایەن ماڵپەڕی فیفاوە بڵاوکرایەوە.
گەرچی لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو تەنیا دەنگی گۆرانی ( LIVE IT UP) بڵاوکرابووەوە، کەچی زیاتر لە 17 ملیۆن کەس لە یوتیوب سەیری گۆرانییەکەیان کردبوو، بەڵام دوای دوو هەفتە فیفا بەفەرمی کلیپی گۆرانییەکەی بڵاوکردەوە، کە دەبێتە گۆرانی فەرمی بیست و یەکەمین مۆندیال.


گۆرانی مۆندیالی رووسیا لەلایەن نیکی جامەوە گوتراوە و ویل سمیسی ئەکتەری بەناوبانی ئەمریکی و ئێرا ئێستریفی و ئێرا ئیسترێفی گۆرانیبێژی شۆخ و شەنگی بەناوبانگی کۆسۆڤۆییش بەشداریی گۆرانییەکەی مۆندیالیان کردووە.
رۆناڵدینهۆی ئەستێرەی بەناوبانگی بڕازیلی و پاڵەوانی مۆندیالی 2002 بە دووبارەکردنەوەی گۆڵە بەناوبانگەکەی بەرامبەر ئینگڵاند بەشداریی ڤیدیۆ کلیپی گۆرانییەکەی کردووە، جگە لە رۆناڵدینهۆ ویلیان و چەند ئەستێرەیکی دیکەش بەشدارییان کردووە.
ڤیدیۆ کلیپی گۆرانییەکە بە بەشداریی زۆرترین هاندەر لە شوێنی جیا جیا وێنەگیراوە، لە بەشیکی ڤیدیۆکلیپەکەدا یاریگەی لۆژنیکی لە مۆسکۆ پیشان دراوە کە زۆرترین یاریی مۆندیالی 2018 لەم یاریگەیە ئەنجام دەدرێت.
هۆنراوەی گۆرانییەکە باس لەوە دەکات کە پێویستە هەموومان چێژ لە ژیان وەربگرین، چونکە تەنیا هەر جارێک دەژین.
لەوەتەی مۆندیالی 1966وە پێش دەستپێکردنی هەموو مۆندیالێک گۆرانی تایبەت بە یارییەکانی هەر مۆندیالێک لەلایەن فیفاوە ئامادە دەکرێت، بۆ ئەوەی لە کاتی یارییەکانی مۆندیال هاندەران گوێی لێبگرن و چێژ لە یارییەکان و سەرکەوتنی هەڵبژاردەکانیان وەربگرن.