"لە سلێمانی لێیان قەوماوە فرمێسك بۆ كەركووك دەڕێژن"

ھاوپەیمانی لە دژی یەكێتی ھاتە دەنگ

K24 - ھەولێر

لەبارەی ھەژماركردنەوەی دەنگەكان و ئەو گرژییەی دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كەوتوونە نێوان لایەنەكان، ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە راگەیەندراوێكدا بێ ناوھێنان چەند توانجێك لە یەكێتی دەگرێت و رایدەگەیەنێت "ھاوپەیمانی تا ئێستا تانەی لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووك نەداوە، بەڵام دەیانەوێت پێش تا بەڕە بەخۆیان دابدەن، ئەوەی لە سلێمانی لێیان قەوماوە بە فرمێسکی نیفاق و ریاکارانە بۆ کەرکووك پەردەپۆشی بکەن".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە ھاتووە: "هاوپەیمانی هەرگیز داوای نەکردووە دەنگی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ پووچەڵ بکرێتەوە و پێشنیازی واشی نەکردووە، پێچەوانەکەی راستە ئێمە لەگەڵ رێزگرتنین لە دەنگ و پێگەی پێشمەرگە وهێزەکانی ناوخۆ و لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەڕێی گونجاوین بۆ هەژمارکردنی دەنگە راستەقینەکانیان".

ھەر لەو راگەیەنەدراوەدا قەوارەكەی بەرھەم ساڵح، بێ ناوھێنانی یەكێتی دەڵێت: "ئەوانەی کەرکووکیان لەدەستدا، ئابڕووی بەرگری لە کەرکووك و پێشمەرگەیان نەماوە".

دەقی راگەیەندراوەكەی وتەبێژی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری

سەبارەت بەو تەزویرو ساختەکاریە ئابروبەرانەی ھەندێ لایەنی سیاسی لە ھەڵبژاردنی 12ی ئایار ئەنجامیاندا، کە بۆتە مایەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە عێراق و کوردستان، و لە ئەنجامدا پەرلەمانی عێراق بڕیاڕێکی پەسەند کرد بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان و چارەسەری کۆمەڵی تەزویر و ساختەکاری لە دەنگی هاووڵاتیان.

ھاوپەیمانی دووپاتی دەکاتەوە، بەھەموو ھێز و توانای خۆی، لەگەڵ لایەنە دیموکراتخوازەکان، بەرگری لە دەنگی رەوای ھاووڵاتیان دەکات و ئەوەی پێویست بێت، لەچوارچێوەی رێکارە قانونیەکان، لەھەر کات و جێگەیەک بێت، بێ دوودڵی و بە راشکاوی کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دەنگە دزراوانە دەکات.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا بە پێویستی دەزانین بۆ رای گشتی روونبکەینەوە کە:

1- ھاوپەیمانی تا ئێستا تانەی لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووك نەداوە، چونکە بەپێی رێکارەکان، ھێشتا موتابەقەی دەنگەکان لەو پارێزگایە نەکراون و تا ئێستا بەڵگە و دۆکیومێنتەکان لە کۆمسیون وەرنەگیراوە. بەڵام ساختەکارەکان بەھۆی ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانەی کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دەرچوون، و کە دەیسەلمێنن بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی ئابرووبەرانە تەزویر کراوە، بۆیە دەیانەوێت (پێش تا بەڕە بەخۆیان دابدەن) و ئەوەی لە سلێمانی لێیان قەوماوە بە فرمێسکی نیفاق و ریاکارانە بۆ کەرکووك پەردەپۆشی بکەن، بەڵام خەڵکی کوردستان دەزانێ نەوت دز و خاک فرۆشان، ئەوانەی کەرکووکیان لەدەستدا، ئابڕووی بەرگری لە کەرکووك و پێشمەرگەیان نەماوە. کوردستانیبوونی کەرکووك بە ساختەکاری و دزی و باندی مافیایی و نەوتفرۆشی نابێت.

2- سەبارەت بە دەنگدانی پێشمەرگەو ھێزە ئەمنیەکان؛ پێشمەرگە پیرۆزە و هێمای خەباتی گەلی کوردستانە. هاوپەیمانی هەرگیز داوای نەکردووە دەنگی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ پووچەڵ بکرێتەوە و پێشنیازی واشی نەکردووە، پێچەوانەکەی راستە ئێمە لەگەڵ رێزگرتنین لە دەنگ و پێگەی پێشمەرگە وهێزەکانی ناوخۆ و لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەڕێی گونجاوین بۆ هەژمارکردنی دەنگە راستەقینەکانیان. سەرەڕای ئەوەی ساختەکاری لە دەنگدانی تایبەت کراوە، دەشزانین ژمارەیەکی بەرچاو دەنگیان بە ھاوپەیمانی داوە.  تەزویرکارەکان وەك چۆن لە رابردوو، بە بێباکی مامەڵەیان لەگەڵ پێشمەرگە کردووە، وەك چۆن بە ھەرزان سەیری گیان و ژیانی پێشمەرگەو ھاوسەرو منداڵەکانیان کردووە، لەم ھەڵبژاردنەش ھەر وایان کرد، بۆیە ساختەکاری و بێباکی لە دەنگی پێشمەرگە هۆکاری گومانکردن بووە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.

وتەبێژی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری

10 حوزەیرانی 2018

 ھ.م