سكۆلاری: مێسی بلیمه‌تی تۆپی پێیه‌ و پێچه‌وانه‌ی كریستیانۆ

سكۆلاری پێیوایه‌ ئه‌م خاڵانه‌ جیاوازی راسته‌قینه‌ی نێوان مێسی و كریستیانۆیه‌

لویز فلیپ سكۆلاری راهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌كانی به‌رازیل و پورتوگال له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (لا ناسیۆن)ـی ئارجێنتینا جیاوازی ستایشی مێسی ده‌كات و خاڵی جیاوازی ئه‌و یاریزانه‌ له‌گه‌ڵ كریستیانۆ ده‌خاته‌ ڕوو.

سكۆلاری له‌ نێوان ساڵانی 2004 تا 2006 له‌ هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال راهێنانی به‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ كردووه‌.

سكۆلاری له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: كاتێكی زۆرم له‌گه‌ڵ كریستیانۆ به‌سه‌ر بردووه‌ و زۆرباش ئه‌و یاریزانه‌ ده‌ناسم، به‌رده‌وام كۆشش بۆ باشتركردنی ئاستی ده‌كات.

سكۆلاری: مێسی به‌هره‌یه‌كی سرووشتی و تایبه‌تی هه‌یه‌، بلیمه‌تی تۆپی پێیه‌ و به‌پێچه‌وانه‌ی كریستیانۆ، لیۆ و زۆر به‌ ئاسانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تۆپ ده‌كات، به‌ڵام كریستیانۆ راهێنانێكی زۆر ده‌كات تا كۆنترۆڵی تۆپ ده‌كات.

سكۆلاری ده‌شڵێت: كریستیانۆ كاتێكی زۆری پێویسته‌ تا بگاته‌ ئاستی مێسی، له‌ كاتێكدا ئه‌و رۆژانه‌ چه‌ندان كاتژمێر راهێنان ده‌كات و یاری جمناستیك ته‌نانه‌ت له‌ ماڵه‌كه‌شی ده‌كات، به‌م هۆیه‌وه‌ توانیویه‌تی كێبڕكێی مێسی بكات.

سكۆلاری گوتیشی: خاڵی جیاوازی نێوان ئه‌م دوو ئه‌ستێره‌یه‌ به‌مجۆره‌یه‌، مێسی رۆژانه‌ به‌ساده‌یی مه‌شقه‌كانی ده‌كات و به‌هره‌یه‌كی سروشتی هه‌یه‌، به‌ڵام كریستیانۆ دوو هێنده‌ی مێسی مه‌شق و راهێنان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئاستی لیۆ.

له‌ به‌رسیڤێكدا له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی مێسی چۆن بتوانێت له‌گه‌ڵ ئارجێنتین سه‌ركه‌وتووبێت، سكۆلاری ده‌ڵێت: پێویسته‌ مێسی هێمن بێت و به‌ ئارامی یاری بكات و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی له‌ نێو یاریگه‌ هه‌بێت و له‌ نێو یاریگه‌ بۆشایی بۆ دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ ئازادی یاریزانانی تیپی به‌رامبه‌ر تێپه‌ڕێنێت.

لویز فلیپ سكۆلاری راهێنه‌ری پێشووی پورتوگال له‌گه‌ڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ
لویز فلیپ سكۆلاری راهێنه‌ری پێشووی پورتوگال له‌گه‌ڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ