روونكردنه‌وه‌یه‌ك له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه
دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: دوای وازهێنانی سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان و جێگره‌كه‌ی له پۆسته‌كانیان هیچ بو‌دجه و مووچه‌یه‌كیان بۆ خه‌رج ناكرێت
K24- هه‌ولێر:
سه‌باره‌ت به چه‌ند هه‌واڵێك كه له رۆژانی رابردوودا له ژماره‌یه‌ك ده‌زگای راگه‌یاندن له‌باره‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرانه‌وه، وته‌بێژێك به‌ناوی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و تێیدا هاتووه، "له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو ژماره‌یه‌ك هه‌واڵی ناڕاست و نادروست له هه‌ندێك له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن سه‌باره‌ت به سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كراونه‌ته‌وه. ئێمه له دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم سه‌رله‌به‌ری هه‌واڵه‌كان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه".
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا كه خۆی له پێنج خاڵدا ده‌بینێته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه، "سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه‌یه‌كی یاسایی و فه‌رمییه، له‌دوای چۆڵبوونی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان، به‌پێی مادده‌ی (دووه‌م) له یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به سه‌ر دامه‌زراوه ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێم ژماره (2) ساڵی 2017، دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه له راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانی و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك وه‌زیران كاره‌كانی خۆی ئه‌نجام ده‌دات".
له خاڵێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌دا جه‌خت كراوه‌ته‌وه، "بودجه‌ی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان دیاریكراوه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی رۆژانه‌ی دیوان. هه‌روه‌ها ستاف و فه‌رمانبه‌رانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و فه‌رمانبه‌رانی نووسینگه‌كانی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك, میلاكی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمن و ده‌وامی ئاسایی خۆیان ده‌كه‌ن و به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان مووچه وه‌رده‌گرن، ته‌نها پۆستی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم چۆل كراون".
خاڵێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌ی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئاشكرايكردووه، "مووچه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی به پێی یاسای ژماره (13)ی ساڵی 2010 دیاریكراوه و له‌دوای وازهێنانی هه‌ریه‌ك له مسعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی وه‌كو سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم له پۆسته‌كانیان، هیچ مووچه و بودجه‌یه‌ك بۆیان ته‌رخان نه‌كراوه".
سه‌باره‌ت به راوێژكاره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێميش جه‌خت كراوه‌ته‌وه، "له‌گه‌ڵ ڕێز و پێ‌زانین بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه ئه‌ركه‌كانیان ئه‌نجام داوه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌كانیان راوێژكاری بووه و په‌یوه‌ست بوو به سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان, بۆیه له‌دوای چۆلبوونی ئه‌م پۆسته، ئه‌ركی راویژكاره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێميش كۆتایی هاتووه".
له كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌شدا هاتووه، "له هه‌واڵه‌كاندا ئاماژه به لێدوانی ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رباره‌ی مووچه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و بودجه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كراوه. ئێمه لێره‌دا رایده‌گه‌یه‌نین كه ئه‌و زانیاریانه نادروستن ودوورن له راستیه‌وه, بۆیه دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به مافی خۆی ده‌زانێت داوای یاسایی تۆمار بكات به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه".
H.B