هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك زیندانی دیكه‌ی داعش راده‌ستی به‌غدا ده‌كاته‌وه
دیندار زێباری: زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به تۆمه‌تی ئه‌ندامێتیان له رێكخراوی داعش له زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن له كه‌مپی ئاواره‌كان ده‌ستگیركراون
K24- هه‌ولێر:
دیندار زێباری، هه‌ماهه‌نگكاری نێوده‌ڵه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی 300 زیندانی دیكه‌ی داعش كه زۆربه‌یان عێراقین، راده‌ستی حكوومه‌تی به‌غدا بكاته‌وه، كه له گرتووخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیندایكراون.
ئه‌م لێدوانه‌ی زێباری له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی فرانس پرێس هاتووه و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "له چه‌ند رۆژی رابردوودا 853 زیندانی داعشمان راده‌ستی حكوومه‌تی عێراق كردووه" و گوتی، "ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه بۆ راده‌ستكردنی 300 زیندانی دیكه به به‌غدا، كه زۆربه‌یان عێراقین و به‌تۆمه‌تی چه‌كداری و ئه‌ندامێتیان له رێكخراوی داعش له گرتووخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیندانیكراون".
دیندار زێباری ئاشكراشیكرد، "زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به تۆمه‌تی ئه‌ندامێتیان له رێكخراوی داعش له زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن، كه ژماره‌یان 2753 كه‌سه، له كه‌مپی ئاواره‌كان ده‌ستگیركراون، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌كی دیكه‌یان كه له سه‌نته‌ری شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان خۆیان مه‌ڵاس دابوو، ده‌ستگیركراون".
زێباری دووپاتیكرده‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك له زیندانییه بیانییه‌كانی داعشی راده‌ستی كونسۆڵخانه‌ی وڵاته‌كانیان له هه‌رێمی كوردستان كردۆته‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تائێستا زیاتر له 20 هه‌زار ئافره‌ت و پیاو له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان به تۆمه‌تی ئه‌ندامه‌تییان له رێكخراوی داعش له سه‌رانسه‌ری عێراق ده‌ستگیركراون.
H.B