لە هەڵگرتنی رق و کینەوە بۆ خۆشەویستی هەتا هەتایی، ماڵئاوا لیۆنێل مێسی!
لەوانەیە پێتوابێت چیرۆکی لیۆنێل مێسی دەزانیت، بەڵام تۆ هەڵەیت دەبێت ئەرجەنتینی بیت بۆ ئەوەی تێبگەیت تەوبەی میللەتێک بەرامبەر بە سوڵتانێک کە درەنگ بڕوای پێی هەبوو چەندە تایبەتە.
بەرەبەیانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2026 لە یاریگا مێژوویی و دڵڕفێنەکەی مۆنۆمێنتال، لیۆنێل مێسی بۆ دوایینجار بە درێسی ئەرجەنتین پێ دەنێتە ناو یاریگا و کۆتایی هاتنی خۆشەویستییەک، خۆشەویستییەک کە دوو دەیەی خایاند، خۆشەویستییەکی پڕ لە توڕەیی و ڕق و دواجار پەرستنی ئەفسانەیەک، خۆشەویستییەک کە دواجار بووە هەتا هەتایی.
ساڵانێک لەمەوبەر کەناڵێکی کەتەلۆنی مایکەکەی لە شەقامەکانی شاری بارسێلۆنادا گێڕا، بۆ ئەوەی کەسێک بدۆزێتەوە رەخنە لە مێسی بگرێت، زۆر ئاسایی بوو کە ئەم پلانە سەرنەگرێت و دواجاریش سەری نەگرت، ئەزانن بۆ؟ چونکە ئەو کات لیۆ لە لوتکەی سەرکەوتنەکانی بوو لەگەڵ یانە کەتەلۆنیەکە، بەڵام ئەگەر هەمان کامێرا و مایکەکە بەرەو بۆینس ئایرس بڕۆیشتبا و لە شەقامەکانی کۆرینتس یاخود سەن تێلمۆ بسوڕابایەوە، هەر زوو سەدان کەسیان دەۆزییەوە کە زۆر بە ئاسانی ئامادەبوون بەرامبەر مایکەکە بوەستن و رەخنە لە مێسی بگرن و گاڵتەی پێ بکەن، لەو سەردەمەی لیۆ لە لوتکەی ئاستی خۆیدا بوو لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، زۆر بە بێزەییانە و بێ رەحمانە رەخنەگرانی لە زێدی خۆی هێرشیان دەکردە سەر.
بەڵام ئەمڕۆ چیرۆکەکە تەواو جیاوازە و ئەگەر هەر ئەمڕۆ پەیامنێرێک لە شەقام و کۆڵانەکانی پشتەوەی شارەکانی ئەرجەنتین بۆ دوژمنێکی مێسی بگەڕێت، بە دڵنیاییەوە بە دەست بەتاڵی دێتە دەرەوە، ئەگەر دوژمنی مێسی بیت و بچیتە ئەرجەنتین بە دڵنیاییەوە دڵتەنگ دەبیت!
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یارییەکی تەواو جیاواز و لەسەر چیمەنی یاریگای ریڤەرپلەیت رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەنین دەبێتەوە، لەو یارییە مێسی بۆ هەتا هەتا پێڵاوەکانی هەڵدەواسێت و جارێکی دیکە بە درێسی تانگۆ نابیندرێتەوە، بێگومان ئەمە تاڵترین شەوی ئەرجەنتینیەکان دەبێت لە مێژوو، ماڵئاواییەک کە هەموو وڵات دەخاتە گریانەوە، مێسی نەک تەنها گەلی ئەرجەنتین، بەڵکو ملیاران لە هاندەر و خۆشەویستەکانی لەو شەوە تایبەتە دەخانە گریان.
ئەگەر لە هاندەرێکی نۆرماڵ بپرسیت ئەو وەچەرخانە گەورەیە چی بوو بەرامبەر مێسی روویدا، لە کاتێکدا ساڵانێک لەمەوبەر هەمووان لە دژی وەستانەوە بەهۆی ئەوەی نەیتوانی بەرامبەر چیلی لە یاری کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2016 براوە بێت، بێگومان هەمووان دەڵێت بردنەوەی جامی جیهانی، بەڵام ئایا هەر بەڕاستی بردنەوەی مۆندیالی 2026 خاڵی وەچەرخانی ئەم هەست و سۆزە و گۆڕانکاریە گەورەیە بووە؟ بێگومان هەرگیز مێسی ئەو رۆژانەی لەبیر ناچێت کاتێک نیوەی وڵاتەکەی بەهۆی روداوەکانی ساڵی 2016 بەرامبەریان کرد، بە هەر حاڵ ساڵانێک هاتن و رۆیشتن مێسی مایەوە و هەموو ئەوانەی بۆ رەخنەگرانی بردەوە کە چاوەڕێی بوون.
مێسی دوو بەربەستی گەورەی هەبوو بۆ چوونە ناو دڵی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی یەکەم: هەموو ساڵانی پیشەگەری خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی بەسەر برد. دووەم: سێبەری قورس و گەوەرەکەی دیێگۆ مارادۆنا کە یادەوەری گەورەی بۆ هاونیشتیمانیەکانی هەبوو.
هەمیشە ئەو گلەییە لە مێسی هەبوو وەکو پێویست ئەرجەنتینی نیە، رەخنەیان لە بێ دەنگی و کەم قسەکانی دەگرت و تانەیان لێدەدا کە مووچەکەی بە یۆرۆ وەردەگرێت و بەراوردیان دەکرد لەگەڵ مارادۆنایەک کە لە کۆڵانەکانی لافیۆریتۆ واتە لە دڵی کۆڵانە هەژارەکان و نەهامەتیەکانی وڵات گەورە بوو.
دواجار مێسی بووە سیمبولی وڵاتەکەی و وایلێهات هەمووان خۆشەویستی دیێگۆی گەورەیان لەبیر کرد، مارادۆنا پێش مردنی هەمیشە ئارەزووی ئەوەی دەکرد جامی مۆندیال لەناو دەستەکانی مێسی ببینێت، بەڵام دواجار نە ئەو گەیشتە خەونەکەی و نە مێسی توانی ئەو خەونەی بکاتە راستی.