ئەسەد و ھەسەدە رێكدەكەون
"کورد و رژێم نزیکن لە رێككەوتن"
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی شاندێکی حکوومەتی سووریا سەردانی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای كوردستان و هەسەدەی كرد، ئاڵدار خەلیل، ھاوسەرۆكی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیك (تەڤدەم)، ئامادەی هێزە کوردییەکانی بۆ چوون بۆ دیمەشق نیشاندا.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی مەسدەری نزیك لە بەشار ئەسەد، ئاڵدار خەڵیل لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، هەر رێککەوتنێك لە نێوان هەسەدە و رژێمی سووریا، دەبێتە "رێککەوتنێکی مێژوویی بۆ هەردوولا".
ئەو رۆژنامە سوورییە ئاشکرای کردووە، شاندێکی بەشار ئەسەد، سەردانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیان کردووە کە زیاتر لە هێزە کوردییەکان پێکدێت و لە شاری قامیشلو کۆبوونەوەتەوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی سووریا و رێککەوتنی هەسەدە و رژێمی سووریا کراوە، هەسەدەش لە دوای چەند ساڵ جەنگ ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی شاندێکی باڵا بۆ دیمەشق نیشانداوە".
رۆژنامەی مەسدەر، لە هەواڵەکەدا ئاماژەی بەوەشداوە: "حکوومەتی سووریا و کوردەکان خەریکن ئاشت دەبنەوە. ئێستاش چەند ناوچەیەك بە هاوبەشی لە سووریا بەڕێوەدەبەن وەك رێگاکانی نێوان شارەکانی حەسەکە و حەلەب".
هەوڵەكانی هەسەدە و رژێمی سووریا بۆ رێككەوتن دوای ئەوە دێت، ئەمەریکا و تورکیا رێککەوتن بۆ وەدەرنانی هەسەدە لە شاری منبج و پێشتریش سوپای تورکیا و هێزەکانی نزیك لە تورکیا، شاری عەفرینیان داگیرکرد و زۆربەی خەڵكی ئەو شارە كوردستانییە ئاوارەبوون.
ھ.ج