ئه‌وروپا ئاسمانی خۆی بۆ فلای ئه‌ربیل ده‌كاته‌وه
ھێشتا بۆ هێڵی ئاسمانی عێراق قه‌ده‌غه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 18/6/2018 كۆمپانیای "فلای ئه‌ربیل" یه‌كه‌م گه‌شتی خۆی له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه بۆ ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی سوید ده‌ستپێكرد، پاش ئه‌وه‌ی دوێنێ یه‌كه‌م گه‌شتیان له ستۆكهۆڵمه‌وه بۆ هه‌ولێر ئه‌نجامدا.
كۆمپانیای فلای ئه‌ربیل رایگه‌یاندووه: "یه‌كه‌م فڕۆكه‌یان دوێنێ له ستۆكهۆڵمه‌وه هاتووه‌و له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر نیشتووه‌ته‌وه و بڕیاریشه له هه‌ولێر و سلێمانی و به‌غداوه گه‌شته‌كانیان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا رێكبخه‌ن.
ده‌ستپێكردنی گه‌شته‌كانی فلای ئه‌ربیل له كاتێكدایه، هێشتا فڕۆكه‌كانی هێڵی ئاسمانی عێراق قه‌ده‌غه‌یه به ئاسمانی ئه‌وروپادا بفڕن و به‌گوێره‌ی دوایین لیستی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی ئه‌وروپی هێڵی ئاسمانی عێراق رێگه‌پێدراو نییه.
رابیته‌ی فڕۆكه‌وانانی عێراقیش له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێن: "قه‌ده‌غه‌ی فڕین به‌سه‌ر ئاسمانی ئه‌وروپا ھێشتا به‌رده‌وامه و هۆكاره‌كه‌یشی به‌هۆی خه‌مساردی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه‌یه، چونكه چه‌ندین جاره ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی ئه‌ورپا EASA)) هۆشداریی داوه‌ته هێڵی ئاسمانی عێراق و ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی عێراقیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: "رۆژی 14/6/2018 جارێكی دیكه قه‌ده‌غه‌كه نوێكراوهتهوهو ته‌نها كاتێك رێگه ده‌ده‌ن كه له‌ژێر چاودێریی مۆڵه‌تی لایه‌نی سێیه‌مدا بێت و ئێستاش له رێگه‌ی ئه‌تڵه‌س جێت ئه‌و كاره ده‌كه‌ن و ده‌بێت پاره‌یه‌كی زۆر بده‌ن تا بتوانن فڕۆكه‌كانی هێڵی ئاسمانیی عێراق بچنه وڵاتانی ئه‌وروپا.
به‌هۆی نه‌بوونی پێوه‌ره‌كانی سه‌لامه‌تی تێیاندا، له ساڵی 2015 وه ده‌سه‌ڵاتی فرۆكه‌وانیی ئه‌وروپا رێگه نادات فڕۆكه‌كانی هێڵی ئاسمانی عێراق بچنه سه‌ر ئاسمانی وڵاتانی ئه‌وروپا.