دوای چوار ساڵ چاوه‌ڕوانیی باوكێك به كچه‌كه‌ی شادبووه‌وه
داعش سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی رفاندبوو
K24 - هه‌ولێر:
دوای چوار ساڵ له كۆتوبه‌ندی ناو زیندان و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش، كچێكی ئێزدی رزگاری ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه لای باوكی.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 21/6/2018 نادیه موراد، باڵیۆزی نیازپاكیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له تویته‌ره‌وه نوسیوویه‌تی: "ئه‌و كچه چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر داعش له‌گةل ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌ی رفاندی، ئه‌مڕۆ رزگاری بووه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ لای كه‌سوكاره‌كه‌ی.
نادیه موراد ده‌ڵێت: "ئه‌و پیاوه ئێزدییه‌ی كچه‌كه‌ی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ساڵی 2014 له‌وكاته‌ی داعش هێرشی كرده سه‌ر ناوچه‌كانی شنگال، سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له ده‌ستدا و له‌وكاته‌وه تا ئێستا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بووه چاوی پێیان بكه‌وێته‌وه. ئه‌مڕۆ توانیوویه‌تی یه‌كێك له كچه‌كانی له ئامێز بگرێته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌ی چوار ساڵ ده‌ستبه‌سه‌ر بووه له سووریاوه، گه‌ڕینراوه‌ته‌وه بۆ لای باوكی.
رۆژی 3/8/2014 چه‌كدارانی داعش به‌هاوكاری عه‌ره‌به‌كانی رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا، ھێرشێكی فراوانیان كرده سه‌ر ناوچه ئێزدینشینه‌كانی شنگال و ده‌وروبه‌ری و هه‌زاران ئێزدییان رفاند و ده‌ربه‌ده‌ر و بێ سه‌روشوین كرد و به‌شیكیشیان گوللـه‌باران كردن و تا ئێستاش چاه‌نووسی ژماره‌یه‌ك له‌و ئێزدییانه به نادیاریی ماوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها هێشتا 350 هه‌زار كوردی ئێزدی له خێوه‌تگه‌كانی پارێزگای دهۆكدا ده‌ژین و به‌هۆی وێرانبوونی ناوچه‌كانیان و دڵنیانه‌بوون له ئایینده‌یان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شوێنه‌كانی خۆیان.