دوای وه‌زیری ناوخۆ گوته‌بێژی كۆشكی سپییش له رێستورانت ده‌رده‌كرێت
پێشتر وه‌زیری ناوخۆش ده‌ركراوه

K24 - هه‌ولێر:
سارا سانده‌رز، گوته‌بێژی كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا، له تویته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێت، دوێنێ ئێواره 23ی حوزه‌یران، له لایه‌ن خاوه‌نی ریستورانتێك ده‌ركراوه و هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌بووه، كه له‌گه‌ڵ تیمی دۆناڵد تره‌مپ، له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا كار ده‌كات.
سارا سانده‌رز ده‌ڵێت: "خاوه‌نی ریستورانتی رێد هێن، له لیكسینگتنی ویلایه‌تی ڤێرجینیا، داوای لێكردم شوێنه‌كه جێبهێڵم، چونكه كار بۆ دۆناڵد تره‌مپ ده‌كه‌م، منیش به‌ڕێزه‌وه شوێنه‌كه‌م جێهێشت".
سارا له تویتهرهكهوه زیاتر ده‌نووسێت و ده‌ڵێت: "ههڵسووكهوتهكهی ئه‌و خانمه زۆر دووره له من، هه‌میشه ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی خۆمم داوه و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ده‌كه‌م، كه هه‌ڵگری هه‌مان بیروبۆچوونی من نین".
.
وێڕای پێداگری رۆژنامه‌وانان له دوای رووداوه‌كه، خاوه‌نی ریستورانتهكه ره‌تیكردووه‌ته‌وه هیچ لێدوانێك له‌و باره‌یه‌وه بدات.
لای خۆیه‌وه، مایك هاكابی، باوكی سارا سانده‌رز و سیناتۆری پێشووی كۆمارییه‌كان، له باره‌ی رووداوه‌كه‌وه ده‌ڵێت: "ده‌ربڕینێكی ده‌مارگیری كوێرانه‌یه".
ئه‌و رووداوانه له كاتێكدایه، ره‌خنه‌یه‌كی زۆر ئاراسته‌ی ئیداره‌ی ئێستای ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت، به‌تایبه‌تیش دوای بڕیاری جیاكردنه‌وه‌ی منداڵه په‌نابه‌ره مه‌كسیكییه‌كان له دایك و باوكیان، له‌و كاته‌ی دێنه ناو خاكی ئه‌مه‌ریكا.
پێشتریش به هه‌مان هۆكار، كریستین نیێڵسن، وه‌زیری ئاسایشی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا، له ریستورانتێكی واشنتنی پایته‌خت، له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه به گوتنه‌وه‌ی درووشم له دژی ئه‌و سیاسه‌ته نوێیه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ران، ده‌ركرا.
ا. م