ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سوید؛ بەرەی چەپ پێشەنگە و راستڕەوەکان پاشەکشەیان کردووە

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی راپرسیی بەردەم بنکەکانی دەنگدان لە سوید، بەرەی چەپ بە سەرۆکایەتیی پارتی سۆسیال دیموکرات لەپێشەوەیە و پارتە راستڕەوەکان تووشی پاشەکشە بوون، هاوکات پەیامنێری کوردستان24 لە سوید رایگەیاند، سۆسیال دیموکراتەکان پاریزگارییان لە پلەی یەکەم کردووە و ئەنجامی فەرمیی بەراییش کاتژمێر 11:30 ڕادەگەیەندرێت.

دوای داخرانی دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە سوید، ڕاپرسیی بەردەم بنکەکان کە لە لایەن دوو کەناڵی سەرەکیی سوید (تەلەفزیۆنی فەرمیی SVT و کەناڵی TV4) بڵاوکرانەوە، دەریانخست کە بەرەی چەپی ئۆپۆزیسیۆن لە پێشەوەیە، بەپێی کەناڵی SVT بەرەی چەپ توانیویەتی 51.3%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەردا بەرەی راستڕەوی دەسەڵاتدار 46.8%ی دەنگەکانی بردووەتەوە؛ هاوکات بەپێی کەناڵی TV4، بەرەی چەپ 51.3%ی دەنگەکان و بەرەی راستڕەو 47%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

هەردوو راپرسییەکە ئاشکرایان کردووە کە پارتی راستڕەوی توندڕەوی "دیموکراتەکانی سوید" (SD) بۆ یەکەمجار لە دوای چوونە ناو پەرلەمانی لە ساڵی 2010ەوە دەنگەکانی کەمی کردووە؛ بە جۆرێک دەنگەکانی بۆ نێوان 17.2% بۆ 18.5% دابەزیون.

پەیامنێری کوردستان24 لە سوید دوایین زانیارییەکانی لەسەر رێژەی دەنگی پارتەکان راگەیاند، سۆسیال دیموکراتەکان، سەرەڕای کەمبوونەوەی دەنگەکانیان، بەڵام وەک پارتی یەکەمی سوید لە پێشەنگدا ماونەتەوە؛ هاوکات دیموکراتەکانی سوید (SD)، وەک پارتی دووەم لەسەر ئاستی وڵاتەکە ماوەتەوە؛ هەروەها دەنگەکانی هەریەک لە (پارتی ژینگە/سەوزەکان، پارتی سەنتەر، پارتی لیبراڵ، و پارتی چەپ) زیادیان کردووە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە و بڕیارە کاتژمێر 11:30 ئەنجامە بەراییە فەرمییەکان بە تەواوی رابگەیەندرێن.