رۆژنامەنووسە كوردەكە لە بەغدا رزگاركرا

لەسەر داوای توركیا لە بەغدا دەستگیرا كرابوو

K24 - ھەولێر

پاش زیاتر لە 7 مانگ، ئەو كچە رۆژنامەنووسە كوردەی لەسەر داوای توركیا لە فڕۆكەخانەی بەغدا دەستگیركرابوو رزگاركرا.

ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "دادگای رەسافە بڕیاریدابوو ئەو رۆژنامەنووسە كوردە رادەستی توركیا بكاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە دڵنیابووین ئەو کچە رۆژنامەنوسێکی چالاك و ئاشتیخوازە تەسلیمکردنەوەشی پێچەوانەی دەستووری عێراق و پڕەنسیپەکانی عێراقی نوێیە، توانیمان بەھاوکاری چەندین کەسایەتی و دەزگای حووکمی ئەو کچە رۆژنامەنووسە كوردە رزگار بکەین".

گوتیشی: "دوای رزگاربوونی ئەو كچە رۆژنامەنووسەمان بەرەو وڵاتی بەلجیکا بەرێكردەوە، کە لەوێش مافی پەنابەرێتی و نیشتەجێبوونی ھەیە".

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەوەشی خستەڕوو: "تورکیا فشاری زۆری دەکردە سەر  دامودەزگاكانی عێراق بۆ ئەوەی ئەو كچە رۆژنامەنووسە رادەست بكرێت، بەداخەوە ھێشتا لەناو دامودەزگاکانی عێراق بە عەقلیەتی کۆن کاردەکەن، بۆیە دادگا بەئاسانی بڕیاری رادەستكردنیان دابوو".

حه‌وت مانگ به‌ر له‌ ئێستا، دەنیز یەشیل یورت، كچە رۆژنامەنووسی كورد لە فرۆکەخانەی بەغدا، لەسەر داوای وڵاتی توركیا دەستگیرکراو تۆمەتی تیرۆریستی درایە پاڵ، دادگای رەسافەی بەغداش بڕیاری رادەستكردنی ئەو كچەی بە حكوومەتی توركیادا، بەڵام بە ھەوڵی ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی كورد لە بەغدا دوای ھەفتەیەك رزگاركرا.

ھ.م